Accessibility links

ئەمەریکا گەشتە ئاسمانییەکانی زیاد دەکات بۆ گواستنەوەی هاووڵاتیان لە ئەفغانستان


سەدان کەس لەبەردەم فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حامید کارزایی لە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان کۆبوونەتەوە، سێشەممە 17 ی هەشتی 2021
سەدان کەس لەبەردەم فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حامید کارزایی لە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان کۆبوونەتەوە، سێشەممە 17 ی هەشتی 2021

کۆشکی سپی ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند تالیبان بەڵێنی داوە خەڵکی سیڤیل دەشێن بە پارێزراوی بڕۆن بۆ فڕۆکەخانەی کابوڵ لە کاتێکدا ئەمەریکا گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ گواستنەوەی ئەمەریکاییەکان و ئەو ئەفغانیانەش کە لە دەستی تاڵیبان هەڵدێن زیاد دەکات.

جەیک سولیڤان ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "تاڵیبان ئاگاداریان کردووینەتەوە ئامادەن ڕێگەیەکی پارێزراو بۆ هاووڵاتیاندابین بکەن بۆ مەبەستی گەیشتنیان بۆ فڕۆکەخانە، ئێمەش هەوڵ دەدەین ئەو پابەندیەیان بە هێند وەربگرین."

جەیک سولیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی
جەیک سولیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی

سولیڤان گوتیشی لەشکری ئەمەریکا هاووڵاتیانی ئەمەریکا، هاووڵاتیانی وڵاتانی تر و ئەو ئەفغانیانە دەگوازێتەوە کە مۆڵەتیان وەرگرتووە لە ئەمەریکا نیشتەجێ بکرێن لە کاتێکدا تاڵیبان دەستیبەسەر وڵاتەکەدا گرتووە و پلانی پێکهێنانی حکومەتێکی نوێی هەیە.

کۆشکی سپی گوتیشی هێشتا نزیکەی 11 هەزار کەسی " کە خۆیان بە ئەمەریکایی دەزانن" لە وڵاتەکەدا ماون.

وێڕای ئەوەی ژمارەیەک ڕاپۆرت ئاماژە بەوە دەکەن خەڵکی هەراسان دەکرێن و تەنانەت لێشیان دەدرێت لە کاتێکدا هەوڵ دەدەن وڵاتەکە بەجێبهێڵن، بەڵام سولیڤان گوتی "ژمارەیەکی زۆری" خەڵکی توانیویانە بگەنە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حامید کارزایی.

هاووڵاتیانی ئەفغانی لە ناو فڕۆکەیەکی C-17 Globemaster IIIی هێزی ئاسمانی ئەمەرکا لە کاتێکدا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حامید کارزاییەوە دیانگوازنەوە. یەکشەممە 18 ی هەشتی 2021
هاووڵاتیانی ئەفغانی لە ناو فڕۆکەیەکی C-17 Globemaster IIIی هێزی ئاسمانی ئەمەرکا لە کاتێکدا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حامید کارزاییەوە دیانگوازنەوە. یەکشەممە 18 ی هەشتی 2021

ئەو گوتیشی لایەنی ئەمەریکا کێشەی هەراسانکردنەکان دەخاتە بەردەم کەناڵی پەیوەندیان لەگەڵ تاڵیباندا.

لە پنتاگۆن ژەنەڕاڵ هانک تەیلەر ڕایگەیاند کە بەرپرسانی سوپای ئەمەریکا لە فڕۆکەخانەکەدا لەگەڵ فەرماندەکانی تاڵیبان لە پەیوەندیدا بوون سەبارەت بە دڵنیابوون لەوەی لە ماوەی ڕۆژانی داهاتوودا گواستنەوەی هەزاران هاووڵاتیانی ئەمەریکایی و ئەفغانی بە سەلامەتی بەردەوامبێت.

تەیلەر گوتیشی " ئێمە هیچ بەریەککەوتنێکی دوژمنکارانەمان لەگەڵ تالیبان نەبووە نە هیچ هێرشێک نە هیچ هەڕەشەیەک لە لایەن تاڵیبانەوە نەبووە."

گوتیشی لەو کاتەوەی فڕۆکەخانەکە لە بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممەوە کرایەوە پاش ئەوەی چەند کاتژمێرێک داخرا بەهۆی کێشەی ئاسایشی، لەشکری ئەمەریکا توانیویەتی نزیکەی 800 کەس لە ناویاندا 165 هاووڵاتی ئەمەریکاییش بە حەوت گەشت بگوازێتەوە.

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا لە ڕۆژی شەممەوە سەربازەکانی ڕژاندووەتە نێو فڕۆکەخانەکە بۆ پاراستنی دەرچوونی هاووڵاتیان لە کاتێکدا یاخیبوانی تاڵیبان دەستیان بەسەر کابوڵی پایتەختی ئەفغانستاندا گرت.

تەیلەر ڕایگەیاند ژمارەی هێزەکانی ئەمەریکا لە 2،500 ی ڕۆژی دووشەممەوە هەتا شەوی سێشەممە گەیشتە 4 هەزار.

گوتیشی ئەمەریکا ئامانجی زیادکردنی گەشتە ئاسمانییەکانە تا بتوانێت ڕۆژانە 5 بۆ 9 هەزار کەس بگوازێتەوە.

وتیشی"ئێمە دڵنیاین کە هەنگاوی دروستمان گرتووەتە بەر بۆ دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی پارێزراو و ڕێکوپێک لە فڕۆکەخانە."

ژمارەیەک لە وڵاتانی تریش لەوانەدا ئەڵمانیا و فەرەنساش توانیویانە فڕۆکەکانیان لە فڕۆکەخانەی کابوڵ بنیشێننەوە بۆ گواستنەوەی هاووڵاتیانی وڵاتەکانیان و ئەو ئەفغانیانەی کە ڕێگەیان پێدراوە بۆ ئەو وڵاتانە بڕۆن.

قسەکانی تەیلەر ڕۆژێک پاش تێکشکانی بارودۆخی ئەمنی فڕۆکەخانەکە بوو لە کاتێکدا گرتە ڤیدیۆکان نیشانیان دا سەدان ئەفغانی لە ڕێڕەوی فڕۆکەخانەکەدا هەوڵیان دەدا خۆیان هەڵواسن بە فڕۆکەکانی کە خەڵکەکەیان دەگواستەوە.

گرتە ڤیدیۆکان نیشانیان دا پاش فڕینی فڕۆکەکە دوو کەس بەردەبنەوە و گیانیان لەدەست دەدەن.

بە پێی ڕاپۆرتە هەواڵییەکی ڕۆژنامەی واشنتن پۆست کەسێکی تر پاشان بە مردوویی لە نێوان چەرخی فڕۆکەکە دۆزراوەتەوە.

گوتەبێژی پەنتاگۆن جۆن کیربی دەڵێت هێزی ئاسمانی ئەمەریکا لێکۆڵینەوە لەو ڕووداوانە دەکات.

ئەمەریکا بەڵێنی داوە کە بە دەیان هەزار کەس وەک وەرگێڕ کە بۆ هێزەکانی ئەمەریکا و خێزانەکانیان کاریان کردووە وەربگرێت، چونکە ترسیان لە تۆڵەسەندنەوەی تاڵیبان هەیە.
لەو کاتەوەی سێ ڕۆژ لەمەوبەر ئۆپەراسیۆنی گواستنەوەکە دەستیپێکردووە زیاتر لە یەک هەزار کەس گوازراونەتەوە.








XS
SM
MD
LG