Accessibility links

ئەنجومەنی نوێنەران دەنگ لەسەر ناردنی بەندەکانی ئیمپیچکردنی سەۆک ترامپ بۆ سینات دەدات


بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگ بدات لەسەر ناردنی بەندەکانی ئیمپیچکردن ( بە فەرمی تاوانبارکردنی سەرۆک) دژ بە سەرۆک دانۆڵد ترامپ بۆ سیناتی ئەمەریکا تا دانیشتی تایبەتی لەسەر بکرێت کە چاوەڕوان دەکرێت لە هەفتەی داهاتووەوە دەستپێبکات.

ئەنجومەنی نوێنەران لە مانگی ڕابوردوو سەرۆک ترامپی ئیمپیچکرد بەڵام سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران نانسی پیلۆسی ناردنی دۆسێکەی بۆ سینات دوواخست لە کاتێکدا دیموکراتەکانی ئەنجومەنی نوێنەران هەوڵیان دەدا ڕێبەرانی سینات قائیل بکەن بەوەی ڕیگە بدەن شایەتخاڵە نوێیەکان گەواهی بدەن.

بەڵام ئەو بابەتە هێشتا چارەسەر نەکراوە، ڕێبەری زۆرینەی سینات مچ مکانەڵ بیرۆکەی بانگکردنی شایەتحاڵەکانی ڕەتکردۆتەوە و دەڵێت پاش دانیشتنەکە بڕیار لەسەر ئەوە دەدرێت.

مکانەڵ ڕۆژی سێشەممە لە کۆنگرێس بە پەیامنێرانی گوت " ئێمە لە کاتێکی گونجاودا لە میانەی دانیشتنەکانی سینات بڕیار لەسەر شایەتحاڵەکان دەدەین. هەردوولا دەیانەوێت ئەو شایەتحاڵانە بانگبکەن کە خۆیان دەیانەوێت گوێبیستیان بن."

ئەو هەروەها ڕەخنەشی لە دیموکراتەکانی ئەنجومەنی نوێنەران گرت و گوتی ئەوان ناتوانن مشتومڕلەسەر ئەوە بکەن کە دۆسێی ئیمپیچکردنەکە بەهێز بوو.

نانسی پیلۆسیش دەڵێت ئەگەر سینات دانیشتنەکان بەبێ بانگهێشتکردنی شایەتحاڵەکان دەستپێبکات، ئەمەریکاییەکان بە ڕوونی داپۆشینی دۆسێکە بە بڕیاری سیاسی دەبینن. ئەو گوتیشی " مچ مکانەڵ و سەرۆک دەترسن لەوەی ڕاستی زیاتر دەربکەوێت."

پاش دەنگدانەکەی ڕۆژی چوارشەممە یاسادانەرانی کە وەکو دادپرس کار دەکەن دۆسێی ئیمپیچکردنەکە دەبەن بۆ بەشی سینات لە کۆنگرێسی ئەمەریکا.

XS
SM
MD
LG