Accessibility links

سەرۆک ترامپ لە ئەنجومەنی نوێنەران ئیمپیچ دەکرێت


پاش مشتومڕێکی زیاتر لە8 کاتژمێری شەوی چوارشەممە ئەنجومەنی نوێنەران بە زۆرینەی دەنگ سەرۆک ترامپیان ئیمپیچکرد ( بەفەرمی تاوانبار کرد) .

دانیشتنەکەی ئەنجومەنی نوێنەران لەلایەن یاسادانەری دیموکرات نوێنەری کۆلۆرادۆ دایانا دگێت سەرۆکایەتی کرا، و یەکە بە یەکە یاسادانەرانی کۆماری و دیموکراتەکان کاتیان پێدرا تا بۆچوونی خۆیان لەسەر پرۆسەکە ڕابگەیەنن و مشتومڕێکی چڕوپڕ بەڕێوە چوو. هەمو نزیکەی دیموکراتەکان پشتیوانیان لەوە دەکرد کە پێویستە سەرۆک ترامپ تاوانبار بکرێت و لە کاربخرێت هاوکات هەمو کۆمارییەکانیش بەرگریان لە ترامپ دەکرد و پێیان وابوو کردارەکانی ترامپ دژی دەستوور نین.

پاش زیاتر لە 8 کاتژمێری مشتومڕی بەردەوام سەرەتا 15 خولەک درا بە یاسادانەران تا دەنگ لەسەر بەندی یەکەم ( خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات) بدەن و لە ئەنجامدا بە 230 دەنگی بەڵێ بەرامبەر بە 197 دەنگی نەخێر ئیمپیچکردنەکە پەسەند کرا. تەنها دوو دیموکرات دەنگیان لە دژی ئیمپیچکردنەکە دا و هیچ کام لە کۆمارییەکان دەنگیان بۆ ئیمپیچکردن نەدا.

پاشان یاسادانەران دەنگیان لەسەر بەندی دووهەم دا ( ئاستەنگ خستنە بەردەم کۆنگرێس) لە بەندی دووهەمیشدا بە 229 دەنگی بەڵی بەرامبەر 198 دەنگی نەخێر ئیمپیچکردنەکە پەسەند کرا. لەم بەندەشدا سێ دیموکرات دەنگیان بە ئیمپچکردنەکە نەدا.

بۆ هەردوو بەندەکانیش ئەندامێکی سەربەخۆی ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی خستە پاڵ دیموکراتەکان و بەفەرمی تاوانبارکردنی سەرۆکی پەسەند کرد.

سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران نانسی پیلۆسی مشتومڕەکەی ڕۆژی چوارشەممەی کردەوە و بە یاسادانەرانی گوت ترامپ بە فشارخستە سەر ئۆکرانیا بۆ لێکۆڵینەوە کردن لە بەرهەڵستی سیاسی و جێگری پێشوی سەرۆک جۆ بایدن و پاشان ئاستەنگ دروست کردن بۆ لێکۆڵینەوەکانی کۆنترێس " هیچ بژارەیەکی تری بۆمان نەهێشتەوە" ئەم ئیمیچکردنە ( بەفەرمی تاوانبار کردن)ە نەبێت.

ئەو گوتیشی " ئەگەر ئێمە کارێک نەکەین ئەوا ئەرکی خۆمان بەجێ ناگەیەنین. ئەمڕۆ ئێمە لێرەین بۆ بەرگری کردن لە دیموکراسی."

ئەندامی کۆنگرێسی کۆماری داگ کولینس، یەکێک لە پشتیوانە سەرسەختەکانی ترامپ، هەڵسەنگاندنەکەی پیلۆسی ڕەتکردەوەو ئاماژەی بەوە کرد کە دیموکراتەکان لەو ڕۆژەوەی کە ترامپ سێ ساڵ لەمەو بەر بوو بە سەرۆک هەوڵیان داوە ئیمپیچی بکەن. ئەو گوتیشی " لەبەری ئەوی لە ئەنجومەنی نوێنەراندا ئیمپیچ بکرێت لە کاتێکدا هەڵبژاردن کەمتر لە ساڵێکی ماوە باشتر وایە ئەمە دەنگدەران بڕیاری لەسەر بدەن."

ئیمپیچکردنەکە ( بە فەرمی تاوانبار کردن) ەکە لەسەر بنەمای دوو بەند بوو، سەرۆک ترامپ لە ئەنجومەنی نوێنەراندا جگە لەوەی بە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات بەفەرمی تاوانبار کرا، هەروەها تاوانێکی دیکەی ئاڕاستەکراوە، ئەویش کۆسپ خستنە بەردەم لێکۆڵینەوەکانی کۆنگرێس بوو.

لە بەندی یەکەم دا لەسەر بنەمای ئەوە تاوانبار کرا کە ترامپ هەوڵێکی زۆری داوە تا سەرۆکی ئۆکرانیا لێکۆڵینەوە لەسەر جۆ بایدن و هەنتەر بایدنی کوڕی بکات کە بۆ کۆمپانیایەکی گازی ئۆکرانی کار دەکات. و لە بەندی دووهەمدا بەوە تاوانبار کرا کە ترامپ ئاستەنگی لەبەردەم لێکۆڵینەوەکانی کۆنگرێس دروست کردووە بەوەی ئامادە نەبووە هەزاران پەڕە بەڵگەنامەی پەیوەندیدار بە بابەتی ئۆکرانیاوە ڕادەستی کۆنگرێس بکات بۆ لێکۆڵینەوەکان و هەروەها ڕێگەی لە یاریدەدەرە سەرەکییەکان گرتووە تا لە چەند هەفتەی لێکۆڵینەوەکاندا گەواهی بدەن لەسەر کردارەکانی ترامپ.

لە مێژووی ئەمەریکادا ئەمە تەنها سێهەم جارە بە فەرمی لە ئەنجومەنی نوێنەران سەرۆکێک تاوانبار بکرێت هەرچەندە بڕاو ناکرێت بتوانرێت ترامپ لەسەر کار لابدرێت چونکە پاش ئەم پرۆسەیە دۆسێکە دەچێتە سیناتی زۆرینە کۆماریی و لەوێ پێویستە بە دوو لەسەر سێی دەنگەکان پەسەند بکرێت تا بتوانرێت سەرۆک ترامپ لەسەر کار لاببرێت.

XS
SM
MD
LG