Accessibility links

کاردانەوەی سەرۆک ترامپ و مایک پێنسی جێگری لەسەر ئیمپیچکردنەکە


هاوکاتی ئەم دەنگدانەکەی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ئیمپیچکردن ( بە فەرمی تاوانبارکردنی) سەرۆک،سەرۆک ترامپ لەبەردەم کۆمەڵێک لە لایەنگرانی لە شاری باتلکریکی ولایەتی مشیگەن وتارێکی پێشکەش دەکرد و تیایدا ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی شەرمەزار کرد.

سەرۆک ترامپ گوتی " ئێمە خەریکی ڕەخساندنی دەرفەتی کارین و لە پێناو مشیگەن تێدەکۆشین لەم کاتەدا چەپڕەوە ڕادیکاڵەکانی ناو کۆنگرێس ئیرەیی و ڕق و کینە لە ناخیانی داوە ئەوەتا دەبینن ئێستا چی ڕوو دەدات."

پاشان گوتیشی دیموکراتەکان هەوڵ دەدەن دەنگی ئەو دەیان ملیۆن ئەمەریکاییەی کە لە ساڵی 2016 وەکو سەرۆک هەڵیان بژاردووە پوچەڵ بکەنەوە.

ئەگەر سەرۆک ترامپ لە سیناتیش ئیمپیچ بکرێت و لەکار لاببرێت ئەوا بە پێی دەستوری ئەمەریکا جێگرەکەی دەبێتە سەرۆک هەتا کاتی هەڵبژاردن.

مایک پێنس جێگری سەرۆک ترامپ لە میانەی هەڵمەتێکی هەڵبژاردنی سەرۆک ترامپ لە مشیگان هەنگاوەکەی کۆنگرێسی شەرمەزار کرد و گوتی " من ئەمڕۆ لێرەم چونگە پشتیوانی لە سەرۆک دانۆڵد ترامپ دەکەم. ئەوەی کە لە واشنتن دی سی بەڕێوە دەچێت شەرمەزارییە. لە یەکەم ڕۆژی کە ئەم بەڕێوەبەرایەتییە دەستیبەکار کردووە دیموکراتەکان دەیانەوێت ئەنجامەکانی هەڵبژاردن پوچەڵ بکەنەوە. و ئەمشەو بەم دەنگدانی ئیپیچکردنە یەک حزبییە پشتیوانیان لە هەوڵەکەی خۆیان کرد. ئەوان هەوڵ دەدەن ئەم سەرۆکە لەکار بخەن چونکە دەزانن ناتوانن لە هەڵبژاردنەکاندا شکستی پێ ببەن."

ئەنجومەنی نوێنەران شەوی چوارشەممە بە زۆرینەی دەنگ سەرۆک ترامپی بە فەرمی تاوانبار کرد بۆ خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و ئاستەنگ دروست کردن لەبەردەم لێکۆڵینەوەی کۆنگرێس.

XS
SM
MD
LG