وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا: واشنتن خوازیارە پەیوەندییەکانی لەگەڵ لوبنان فراوان بکات

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، مارکۆ ڕوبیۆ ئەمڕۆ بە بۆنەی ساڵرۆژی سەربەخۆیی لوبنان پشتگیری ئەمەریکای بۆ لوبنان ڕاگەیاند و وتی واشنتن خوازیارە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات فراوانبکرێت.

وتەکەی ڕوبیۆ لە ڕاگەیاندراوێکی وەزارەتی دەرەوەدا هات کە بە بۆنەی 83ـیەمین ساڵیادی سەربەخۆیی لوبنان بڵاوکرایەوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "گەلی لوبنان، چ لە ناوخۆی وڵات و چ لە ڕەوەندی لوبنانی دەرەوەی وڵات، توانایەکی بەرز و خۆڕاگرییەکی ناوازەیان نیشانداوە. لەم بۆنەیەدا، ئەمەریکا دووبارە پشتگیری خۆی بۆ لوبنانێکی تەواو سەربەخۆ دووپات دەکاتەوە، لوبنانێک کە لەگەڵ دراوسێکانی لە ئاشتیدا بێت و تەنها بەرپرسیار بێت بەرامبەر بە هاووڵاتییانی خۆی."

لە چەند مانگی ڕابردوودا، ئەمەریکا هەوڵە دیپلۆماسی و دارایی و یاساییەکانی توندترکردووە بۆ پشتگیریکردن لە سەربەخۆیی لوبنان و کەمکردنەوەی هەژموونی حزبوڵا.

لە مانگی شەشدا ڕێککەوتنی سێ‌لایەنەی نێوان ئیسرائیل و لوبنان و ئەمەریکا مۆرکرا ، کە ئامانجی کۆتاییهێنانە بە ململانێی نێوان ئیسرائیل و لوبنان و فراوانکردنی دەسەڵاتی دەوڵەتی لوبنان و چەکداماڵینی حزبوڵا و زیاتر بڵاوکردنەوەی هێزە چەکدارەکانی لوبنان.

لە چەند مانگی ڕابردوودا، کۆنگرێس و ئیدارەی ترامپ جەختیان کردووەتەوە لەسەر چەکداماڵینی حزبوڵا وەک ئامانجێکی سەرەکیی سیاسەتی ئەمەریکا. لە مانگی هەشدا، هەروو سیناتۆر جین شاهین و جەیمز لانکفۆرد پڕۆژەیاسایەکیان پێشکەش کرد بۆ پشتگیری لە دامەزراوە دیموکراتییەکانی لوبنان و فراوانکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت و هاوکاری سەربازی. هاوکات لەگەڵ هەوڵدان بۆ نەهێشتنی هەژموونی ئێران لە سەر لوبنان و سەپاندنی سزا بەسەر پشتگیریکارانی حزبوڵا.

لە ڕاگەیاندنێکدا سیناتۆر جین شاهین وتی، "بۆ یەکەم جار لە ماوەی دەیان ساڵدا، لوبنان دەرفەتێکی ڕاستەقینەی هەیە بۆ ئەوەی سەربەخۆیی خۆی بەدەستبهێنێتەوە و حزبوڵا چەک بکات و لە ژێر کاریگەریی نەرێنی ئێران دەربچێت. بەڵام سەرکەوتنی ئەم هەوڵانە پەیوەستە بە بەردەوامبوونی پشتگیریی ئەمەریکا."

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکاش فشارە داراییەکانی زیاد کردووە. لە مانگی پێنجەوە، ئەو وەزارەتە چەندین سزای دژ بە کەسایەتی پەیوەست بە حزبوڵا و هاوبەشانی بازرگانی و تۆڕە داراییەکانی سەپاندووە. لە مانگی هەشتدا، وەزارەتی گەنجینە سزای بەسەر تۆڕێکدا سەپاند کە تاوانبار دەکرێن بە گواستنەوەی سەدان ملیۆن دۆلاری بۆ حزبوڵا لە نێوان لوبنان و تورکیاو ئیمارات و ئێران.

لە مانگی دە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند کە هەوڵەکانی واشنتن تۆڕە داراییەکانی ئێرانی لاواز کردووە و توانای بۆ پشتیوانیکردنی حزبوڵای کەم کردووەتەوە، لە هەمانکاتدا ئەمەریکا پاڵپشتی بۆ چەکداماڵینی حزبوڵا و بونیادنانەوەی باشووری لوبنان دووپاتکردەوە.