Accessibility links

وەزارەتی گەنجینە سزا بەسەر چەند کەسێکدا دەسەپێنێت کە پەیوەندیان بە حزبوڵاوە هەیە

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا سزادانی سێ کەسی ڕاگەیاند کە تۆمەتبارن بە پێشکەشکردنی پشتگیری دارایی و مادی بۆ حزبوڵای لوبنانی.

ئەم هەنگاوە بەشێکە لە هەوڵەکانی حکومەتی ئەمەریکا بۆ تێکدانی تۆڕەکانی ئەو گرووپە چەکدارانەی کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانیان لێدەکرێت.

بەپێی نووسراوێک، لە فێدراڵ ریجستەر، کە تۆماری فەرمی حکومەتە و رۆژی چوار شەممە بڵاوکرایەوە، وەزارەتەکە ڕایگەیاند کە ئۆفیسی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی (OFAC) مەحمود قەماتی و سلیمـان ئانتۆوان فەرەنجی و وائل کۆستانتین خراونەتە لیستی سزاکانی ئەمەریکاوە و هەر سەروەت و سامانێکیان لە سنووری دەسەڵاتی ئەمەریکا بێت بلۆک دەکرێن و ڕێگەناردێت هیچ دامەزراوەیەک و هاوڵاتییەکی ئەمەریکایی مامەڵەیان لەگەڵدا بکات.

ئەم سزایانە لە کاتێکدا دەسەپێنرێن کە حکومەتی ئەمەریکا هەوڵە دیپلۆماسییەکانی لە ناوچەکەدا چڕ کردوەتەوە بۆ سنوردارکردنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و چالاکییەکانی ئەو گرووپانەی کە ئێران پشتیوانیان لێ دەکات.

لە هەمان ڕۆژی بڵاوکردنەی نوسراوەکەدا، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوە، سەردانی چەند وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کرد و هۆشیاری دا لەبارەی چالاکییەکانی میلیشیا و گرووپەکانی پەیوەست بە ئێران.

ڕوبیۆ لە وتەکانیدا بۆ میدیاکان ڕایگەیاند، "هەتا گرووپەکانی سەر بە ئێران بەردەوامبن لە هاویشتنی موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و بەشداربن لە کاری تیرۆریستی،" مەحاڵە ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا فەراهەم بێت.

لێدوانەکانی روبیۆ و سەپاندنی سزاکانی بەشێکن لە ستراتیژی حکومەتی ئەمەریکا بۆ چڕکردنەوەی فشارە دیپلۆماسییەکان و داراییەکان لەپێناو سنوردارکردنی چالاکی و کاریگەری گرووپە چەکدارەکانی گرێدراو بە ئێران.

بەپێی بڵاوکراوەکەی وەزارەتی گەنجینە، مەحمود قەماتی هاوڵاتییەکی لوبنانی لەدایکبووی 1953 یە لە بەیروت. ئەو کەسایەتییەکی باڵای حزبوڵایە و ناوی خراوەتە نێو لیستی تیرۆریستی جیهانییەوە و رێسای تایبەت بە سزادانی دارایی حزبوڵاش دەیگرێتەوە.

سلیمـان ئانتۆوان فەرەنجی، کە هاوڵاتییەکی تری لوبنانە، بە تۆمەتی دابینکردنی پشتگیری دارایی و مادی بۆ حزبوڵا سزا دراوە.

سزادراوێکی تر، وائل کۆستانتین، لوبنانییە و لە ساڵی 1986 لەدایک بووە و نیشتەجێ لوبنان و عێراق بووە. وائل سزادراوە بەتۆمەتی ئەوەی بەوەکالەت کاری بۆ کەسێک کردووە کە لە لیستی سزاکانی ئەمەریکادایە دژی حزبوڵا. بەهەمان شێوەی مەحمود قەماتی، وائل کۆستانتین رێسای تایبەت بە سزادانی دارایی حزبوڵاش دەیگرێتەوە.

هەنگاوەکانی ئۆفیسی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی لە وەزارەتی گەنجینە ئامانج لێیان ڕێگرییە لە هەوڵەکانی هەر کەس و لایەنێک بۆ بەکارهێنانی سیستەمی دارایی ئەمەریکا بۆ پشتیوانیکردن لە حزبوڵا.

This item is part of
XS
SM
MD
LG