وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ڕایگەیاند سزا بەسەر 10 کەسدا سەپاندووە کە بەشێک بوون لە تۆڕێک بۆ گواستنەوەی سەدان ملیۆن دۆلار بۆ حزبوڵای لوبنان.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی ئۆفیسی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی (OFAC) لە وەزارەتی خەزێنە، ئەو تۆڕە خەڵکیان بەکارهێناوە بۆ گواستنەوەی پارە. ئەو خەڵکانە بە فڕۆکە گەشتیارییە بازرگانییەکان لە نێوان لوبنان و تورکیاو ئیمارات و ئێراندا هاتوچۆیان کردووە و پارەی نەختێنەیان بۆ حزبوڵای لوبنان گواستوەتەوە. ئەم کارە لە دەرەوەی سیستەمی فەرمی دارایی ئەنجامدراوە و رێگەی بە حزبوڵا داوە دراوی بیانی بەدەستبهێنێت و خۆی بدزێتەوە لە سزاکان.
وەزارەتی خەزێنە دەڵێت ئەم تۆڕە توانای هەبووە سەدان ملیۆن دۆلار لە نێوان ئەو وڵاتانەدا بگوازێتەوە و بەشێک بووە لە تۆرەکانی دابینکردنی پشتگیری دارایی بۆ حزبوڵا و گرووپەکانی سەر بە ئێران لە ناوچەکەدا.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، یونوس ئاڵپەر یڵماز کە بازرگانێکی خەڵکی تورکیایە، سەرپەرشتی ئەو تۆڕە دەکات کە بەرپرسیارە لە گواستنەوەی پارە لەنێوان ئەو چەند وڵاتەدا بۆ بنکەی سەرەکی حزبوڵا لە لوبنان. وەزارەتەکە دەڵێت یڵماز چەند نوسینگەیەکی ئاڵوگۆری دراو و چەند کۆمپانیایەکی لە تورکیا بۆ پەردەپۆشکردنی کارەکانی و دروستکرنی هەژماری بانکی بەکاردەهێنێت بۆ گواستنەوەی پارەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران.
جگە لە یڵماز، ناوی نۆ کەسی تر لەئەندامانی تۆڕەکە خراونەتە لیستی سزاکانەوە.
هەنگاوەکانی ئۆفیسی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی لە وەزارەتی خەزێنە ئامانج لێیان ڕێگرییە لە هەوڵەکانی هەر کەس و لایەنێک بۆ بەکارهێنانی سیستەمی دارایی ئەمەریکا بۆ پشتیوانیکردن لە حزبوڵا.
بەپێی بڕیارە نوێکە، هەر سەروەت و سامانێکی ئەو سزادراوانە کە لە ئەمەریکا یان لە ژێر کۆنترۆڵی کەس و دامەزراوە ئەمەریکییەکانن، بلۆک دەکرێن. هەروەها ڕێگە بە هاووڵاتیان و دامەزراوە ئەمەریکییەکان نادرێت مامەڵەی دارایی لەگەڵیان بکەن.
وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا سزا دەخاتە سەر تۆڕی گواستنەوەی پارەی حزبوڵا