گەنجێکی کورد بە ناوی محراب عەبدوڵڵازادە لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لەسێدارە دەدرێت

محراب عەبدوڵڵازادە گەنجێکی کوردی تەمەن 27 ساڵان، یەکێک لەو کەسانەی کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی "ژن، ژیان ئازادی" دەستگیرکرابوو، ڕۆژی یەكشەممە لەلایەن ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لەسێدارە درا.

پێشتر لە تۆمارێکی دەنگەیدا هەموو ئەو تۆمەتانەی ڕووبەڕووی کرابوونەوە ڕەتکردەوە و باسی لەوە کردبوو کە ئەنشکەنجە دراوە فشار خراوەتە سەر بنەماڵەکەی بۆ بەدەستهێنانی دانپێدانانی زۆرەملێ و گوتبووی هەموو ئەو تۆمەتانەی ڕووبەڕووی کراونەتەوە بێبنەمان "ئەوان خۆیان دەیزانن و خوداش دەزانێت من بێتاوانم."

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕایگەیاندووە لەسێدارەدانەکەی محراب ڕۆژی یەکشەممە 3ی مانگی پێنج، بە شێوەیەکی نهێنی لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ کراوە و پاشان دەزگای دادوەری لەسێدارەدانەکەی پشتڕاست کردووەتەوە.

پێشتر لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر نەجەفزادە، بە کۆمەڵێک تۆمەت لە ناویاندا، "بەغی" و "ئەفساد فی ئەلئەرز (بڵاوکردنەوەی گەندەڵی لەسەر زەوی)" لە دۆسیەی کوژرانی یەکێک لە هێزەکانی حکومەت بە ناوی عەباس فاتمیە، لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2022 دژ بە کوژرانی ژینا ئەمینی، ڕووبەڕووی کرایەوە و سزای مەرگی بەسەردا سەپێندرا.

لە پەیامە دەنگییەکەیدا کە پێش لەسێدارەدانەکەی بڵاوی کردبووەوە محراب عەبدوڵازادە کورد بوونی بە "تاوانی یەکەمی خۆی" ناوبرد و وتی لە کاتی دەستگیرکردنەکاندا لە خەڵک دەپرسن "کوردیت یان تورک؟" و ئەمەش کاریگەری لەسەر مامەڵەی ئاسایشی لەگەڵیدا هەبووە. عەبدوڵڵا زادە داوای لە خەڵکی کوردستان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کردبوو کە دەنگی ئەو بن و ڕێگە نەدەن، وەک خۆی دەڵێت "پەتەکە بە ناڕەوا" بخرێتە ملی.

هەروەها گوتبووشی بنەماڵەی سکاڵاکارەکە چەند جارێک بە شێوەی زارەکی ئامادەیی خۆیان بۆ لێخۆشبوون دەربڕیوە، بەڵام بە وتەی ناوبراو، لە ژێر گوشاری سوپای ورمێدا "لە پشت پەردەوە” ڕێگرییان لێ کراوە. هەروەها جەختی لەوە کردبووەوە کە هیچ بەڵگە و فیلم و وێنەیەک لە دژی نییە و دۆسیەی دژی ئەو ئامادە دەکرێت، چونکە “تۆمەتباری سەرەکی هەڵهاتووە".

لە ماوەی هەفتەی ڕابردووەوە هەر ڕۆژە و کەسێک لە ئێران لە سێدارە دەدرێت. ڕۆژی شەممەش دوو گەنجی تر یەکێکیان زیندانییەکی سیاسی کوردە بە ناوی ناسر بەکرزادە ئەوی تریان کەسێکی تورکی پەیڕەوی ئاینی یارسانە، بە ناوی یەعقوب کەریمپوور کە هەردووکیان تۆمەتی "سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل" خرابووە پاڵیان لەسێدارە دران.

بە پێی ڕێکخراوی هەنگاو لە ئێستادا 7 کوردی تر مەترسی جدیی لەسێدارەدانیان لە ئێران لەسەرە.