ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاماژە بەوە دەکەن کە دەسەڵاتی دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوامە لە دەرکردنی سزای قورس بەسەر ئەو کەسانەدا لە ناڕەزایەتییەکانی مانگی دوازدەی ساڵی ڕابردوو دەستبەسەر کراون. لە دوایین هەنگاویشیدا سزای قورسی لەسێدارەدانی بۆ چوار کەسی دیکەی دەرکردووە و سزای زیندانی درێژخایەنیشی بۆ کەسێکی دیکە دەرکردووە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی هەنگاو، دادگای ئینقلابی تاران سزای لەسێدارەدانی دەرکردووە بۆ چوار کەس بە ناوەکانی محەمەد ڕەزا مەجیدی ئەسڵ، بیتا هێمەتی، بێهروز زەمانی نەژاد و کوورۆش زەمانی نەژاد بە تۆمەتی "گرتنەبەری چالاکی بۆ حکومەتی دوژمنکارانەی ئەمەریکا و گرووپە دوژمنەکان."
جگە لە سزای لەسێدارەدان، ئەم چوار کەسە هەریەکەیان بە تۆمەتی کۆبوونەوە و هاوکاری دژی ئاسایشی نیشتمانی بە پێنج ساڵ زیندانیکردنیان سزا دراون.
هەروەها دادگا بڕیاری دا دەست بەسەر سەرجەم موڵکەکانیاندا بگیرێت وەک سزایەکی زیادە.
هەر لەم دۆسیەیەدا، کەسی پێنجەم بە ناوی ئەمیر هێمەتی لە لایەن دادگای ئینقلابی تارانەوە بە تۆمەتی کۆبوونەوە و هاوکاری دژ بە ئاسایشی نیشتمانی بە پێنج ساڵ و 8 مانگ زیندانیکردن سزا دراوە.
بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، محەمەدڕەزا مەجیدی-ئەسڵ و بیتا هێمەتی ژن و مێردن و لە تاران دەژین و ئەمیر هێمەتیش بە یەکێک لە خزمەکانیان دادەنرێت. هەروەها بێهروز و کووروش زەمانی نەژاد کە خزمایەتیان هەیە، پێکەوە لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون دەستبەسەر کراون.
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ڕایگەیاندووە تۆمەتباران لە کاتی لێکۆڵینەوەدا بە مەبەستی دانپێدانان، ڕووبەڕووی فشاری جەستەیی و دەروونی قورس بوونەتەوە. هەروەها باس لەوە کراوە کە لە کاتی دادگاییکردنەکەدا لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری تایبەتی خۆیان بێبەش کراون.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران و ڕێکخراوی پێکەوە دژی سزای لە سێدارەدان ڕۆژی دووشەممە 13ی مانگی چوار لە ڕاپۆرتێکدا ڕایانگەیاند کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ساڵی 2025 لانیکەم هەزار و 639 کەسی لە سێدارە داوە کە بە بەراورد بە ساڵی 2024 بە ڕێژەی 68% زیادی کردووە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، لانیکەم 48 کەس لەو کەسانەی لە ساڵی 2025 لە لایەن کۆماری ئیسلامی لە سێدارە دراون، ژن بوون.