ئاژانسی هەواڵی میزان سەر بە دەسەڵاتی دادوەری ئێران ڕایدەگەیەنێت سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشەممە 20ی مانگی چوار، دوو هاووڵاتی خۆی بە تۆمەتی "سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل" لەسێدارە داوە.
دەزگای دادوەری ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات محەمەد مەعسوم شاهی و حامد وەلیدی دوو کەس بوون کەپەیوەندییان بە تۆڕێکی سیخوڕیی پەیوەست بە مۆسادەوە هەبووە وپێش ئەنجامدانی ئەرکێک لە تاران دەستگیرکراون. دەزگاکە هیچ وردەکارییەک سەبارەت بە کەی و چۆنێتی دەستگیرکردنیانی بڵاونەکردووەتەوە.
بەگوتەی بەرپرسانی دادوەری، تۆمەتباران پەیوەندییان لەگەڵ ئەفسەرانی هەواڵگری ئیسرائیل لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و گەشتکردن بۆ هەرێمی کوردستانی عێراقەوە هەبووە و مەشق و ڕاهێنانیان بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکان وەرگرتووە.
دەسەڵاتی دادوەری کۆماری ئیسلامی هەروەها بانگەشەی ئەوە دەکات ئەو دوو کەسە ڕاهێنانی جۆراوجۆریان وەرگرتووە، وەک چۆنییەتی دامەزراندنی پەیوەندیی پارێزراو و چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دۆزینەوەی شوێنەکان و دەستنیشانکردن و ناردنی زانیارییەکان سەبارەت بە شوێنە دامەزراوە هەستیارەکان و هەروەها چۆنییەتی دروستکردنی تەقەمەنی.
لە بەرامبەردا بەشێک لە سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ ڕایانگەیاندووە پێشتر ئەو دوو زیندانییە بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە و فشاریان لەسەر بووە بۆ دانپێدانان.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وێڕای شەرمەزارکردنی لەسێدارەدانی ئەم دوو کەسە نووسیویەتی "ئەم دوو کەسە لە تەواوی ماوەی دەستبەسەرکردنیان و دادگاییکردنیاندا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری سەربەخۆ و دادگاییکردنی دادپەروەرانە بێبەش بوون. هەروەها لە ماوەی دەستبەسەریدا بە توندی ئەشکەنجە درابوون."
هەروەها باس لەوە دەکرێت ئەوان لەلایەن دادگای ئینقلابەوە بە تۆمەتی 'موحارەبە' و 'هاوکاری لەگەڵ گرووپەکانی دژ بە کۆماری ئیسلامی'، سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە.
کۆماری ئیسلامی ئێران لەم چەند هەفتەی ڕابردوودا،14 زیندانی لە سێدارە داوە کە حەفت کەسیان بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ناڕەزایەتییەکان و شەش کەسیان بە تۆمەتی پەیوەندی بە موجاهیدن خەلق و یەکێکیان بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل لە ماوەی شەڕی 12 ڕۆژەدا بووە.
لەم دواییانەدا بەرپرسی دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند دەسەڵاتی دادوەری لە حاڵەتی شەڕدایە و جەختی لە خێراترکردنی دەرکردنی سزاکان لە نێویاندا لەسێدارەدان کردەوە.