Accessibility links

گەنجێکی دیکەی ناڕازی لە ئێران لە سێدارە دەدرێت

دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە درێژەدان بە لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسی و خۆپیشاندەرانی کە لە ناڕەزایەتییەکانی سەرەتای ئەم ساڵدا دەستبەسەر کرابوون، ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند ساسان ئازادوار، وەرزشکاری تەمەن 21 ساڵانی خەڵکی ئیسفەهانی لە سێدارە دراوە.

ماڵپەڕی "هرانا" بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەو زیندانییە سیاسییەوە ڕایگەیاندووە کە پاشنیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە تەرمی ئەو گەنجە لە شوێنێکی نهێنی بە خاک سپێردرا و تەنیا 10 کەس لە کەسوکاری ڕێیان پێدراوە بەشداری لە پرسەکەدا بکەن.

سزای لەسێدارەدان بۆ ئەم زیندانییە پێشتر بە تۆمەتی "موحارەبە" دەرچووبوو و لەلایەن دادگای باڵا پشتڕاستکرابووەوە.

تاوانی "موحارەبە" دەچێتە خانەی یەكێک لە گەورەترین تاوانەکانی دژ بە ئاسایشی نیشتمانی لە یاساکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا. هەر هێرشێکی ناو خۆیی دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران دەچێتە خانەی تاوانی موحارەبەوە کە ئەو تاوانەش سزای مەرگی لەسەرە.

لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەدا لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێران لە ئێسفەهان دەستگیر کراو بۆ زیندانی تاکەکەسی گوازرایەوە.

دادگای شۆڕش لە ئێسفەهان بە چەندین تۆمەتی گوماناوی سزای دابوو، لەوانە موحارەبە لەڕێگەی "هاندانی کاریگەرانەی هێزە سەربازییەکان بۆ هەڵاتن یان جێبەجێنەکردنی ئەرکەکانیان"، هەروەها تۆمەتی "لەناوبردنی موڵک و ماڵی گشتی و تێکدانی نەزم" و "پڕوپاگەندە دژی سیستەم و سوکایەتیکردن بە سەرکردایەتی".

هەر لە هەمان ڕۆژدا غوڵام حسێن موحسینی ئیژەیی، بەرپرسی دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند، حکومەتی ئێران گوێنادات بە داواکارییە جیهانییەکان بۆ ڕاگرتنی لەسێدارەدانەکان لە وڵاتەکەدا.

مای ساتۆ، ڕاپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران و ڤۆڵکەر تورک، کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەکان، ڕۆژی چوارشەممە، بە جیا جیا، داوایان لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد، لەسێدارەدانەکان لە ئێران ڕابگرن و ئەوانەی بە هەڕەمەکی دەستبەسەرکراون ئازاد بکەن و دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێت بگەڕێننەوە.

This item is part of
XS
SM
MD
LG