سێنتکۆم: بەهۆی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی پڕکردنەوەی سوتەمەنی، چوار کەس گیانیان لەدەستداوە

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (CENTCOM) ڕایگەیاند، بەهۆی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی پڕکردنەوەی سووتەمەنی لە ڕۆژئاوای عێراق، چوار ئەندامی تیمی فڕۆکەوانی گیانیان لەدەستداوە.

سێنتکۆم لە ڕاگەیاندنەکەی ڕۆژی هەینیدا دەڵێت، "نزیکەی کاتژمێر 2:00ی پاشنیوەڕۆی 12ی مانگی سێ، پشتڕاستکرایەوە کە فڕۆکەیەکی سوتەمەنی ئەمەریکایی جۆری KC-135 کەوتە خوارەوە."

هەروەها سێنتکۆم ڕایشیگەیاند "لەدەستدانی فڕۆکەکە بەهۆی هێرشی دوژمن یان هێرشی هەڵەوە نەبووە" و جەختی لەوە کردەوە کە ڕووداوەکە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.

سوپای ئەمەریکا وەکو ڕێزگرتن بۆ کەسوکاری ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە تا 24 کاتژمێر دوای ئاگادارکردنەوەی کەسوکارەکانیان ناسنامەکانیان بڵاو ناکاتەوە.

فڕۆکەی ئەمەریکایی جۆری KC-135 بۆ پڕکردنەوەی سووتەمەنی فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانی بەکاردەهێنرێت.