وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا داوای لە سەرۆکوەزیری عێراق کردووە پەلە بکات لە هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرووپە تیرۆرستیانەی کە بریکاری ئێرانن لە عێراقدا.
ڕۆژی دووشەممە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مارکۆ ڕوبیۆ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکوەزیری عێراق محەمەد شیاع سودانی ئەنجام دا.
ئەو ڕۆژە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاندبوو وەزیری دەرەوە بە توندی ئیدانەی هێرشە تیرۆرستییەکانی ئێران و میلیشیا تیرۆرستە عێراقییەکانی سەر بە ئێرانی کردووە بۆ سەر عێراق و هەرێمی کوردستان. هەردوولا جەختیان کردبووەوە لە گرنگی ئەنجامدانی هەموو ڕێوشوێنێکی شیاو لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ پاراستنی کارمەندان و دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی ئەمەریکا.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا زانیاری زیاتری لەسەر ناوەڕۆکی گفتوگۆکە بۆ دەنگی ئەمەریکا خستەڕوو.
وەزارەتی دەرەوە بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "وەزیری دەرەوە هانی کردەی بەپەلەی دا بۆ هەڵوەشاندنەوەی میلیشیا تیرۆریستییەکانی هاوپەیمانی ئێران."
وەزیری دەرەوە هەروەها داوای کردووە کە دەبێت حکومەتی عێراق "هێرشەکانیان ڕابگرێت، وە دڵنیایی بدات لەوەی ناتوانن خاکی عێراق بەکاربهێنن بۆ هەڕەشەکردن لە ئەمەریکا و ناوچەکە."
داوای ئەمەریکا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو میلیشیا تیرۆرستیانە لە کاتیکدایە گرووپەکان خۆیان بە بەشێک لە سیستەمی بەرگری فەرمی دەوڵەتی عێراق دەزانن. ئەوان هێشتا پشکیان لە بودجەی وڵاتەکەدا هەیە و سامانی گشتی عێراق بۆ بەردەوامیدانی خۆیان و خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا بەکاردەهێنن.
ئەمەریکا بە فەرمی ئەم گرووپە عێراقیانەی خستووەتە نێو لیستی ڕەشی تیرۆرەوە: کەتائیبی حزبوڵا، عەسایبی ئەهلی حەق، حەرەکەی حزبوڵای نوجەبا، کەتائبی ئیمام عەلی، کەتائیبی سەیدی شوهەدا، وە حەرەکەی ئەنساروڵای ئەوفیا.
سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ڕابردوودا بەردەوام جەختی کردووەتەوە لە پابەندبوونی حکومەتەکەی بە پاراستنی بنکە دیپلۆماسییەکان لە هێرشەکان و ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی خاکی وڵاتەکەی بۆ بەئامانجگرتنی دەوروبەر.
بەڵام سەرەڕای ئەو دڵناییدانە، میلیشیا تیرۆرستییەکانی سەر بە ئێران بەردەوامن لە چالاکییەکانیان.
لە دوای ئەوەی ئەمەریکا لە 28ی مانگی ڕابردوو ئۆپەراسیۆنەکانی 'توڕەیی ئەفسانەیی' دژ بە ڕژێمی ئێران دەستپێکرد، ئەو گرووپانە سەدان هێرشی توندوتیژیان لە ناوچەکە ئەنجام داوە، لە نیوانیان هێرشی درۆنی لەم هەفتەیەدا بۆ سەر کونسوڵخانەی ئیمارات لە هەولێر و ناوەندی پشتیوانی دیپلۆماسی ئەمەریکا لە بەغدا.
بۆ سنووردارکردنی چالاکییە ئاژاوەگێڕییەکانی ئەو گرووپانە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە سی هێرشی ئاسمانییان کراوەتە سەر.
حەشدی شەعبی دوێنێ پێنجشەممە ڕایگەیاند لە 12 ڕۆژی ڕابردوودا 32 هێرشی ئاسمانییان کراوەتە سەر لە پارێزگاکانی کەرکوک، نەینەوا، دیالە، سەلاحەدین، ئەنبار، واست و بابل. گرووپەکە دەڵێت لە ئەنجامدا 27 ئەندامیان کوژراون و 50 کەسیان برینداربوون.
دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە وەزارەتی جەنگەوە کرد. سەرچاوەیەکی بەرگری لە ناوەندی فەرماندەیی ئەمەریکا ئامادە نەبوو ئەو هێرشانە لەئەستۆ بگرێت یان ڕەتیان بکاتەوە.