Accessibility links

ئەمەریکا و ڕووسیا لە ماوەی جەنگەکەی ئۆکرانیادا یەکجار هێڵی گەرمی سەربازییان بەکارهێناوە


بەرپرسێکی ئەمەریکا دەڵێت ئەو پەیوەندییە سەربازییەی کە لە سەرەتای جەنگەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا لە نێوان سوپاکانی ئەمەریکا و ڕووسیادا دامەزرێندرا تاوەکو ئێستا تەنها یەکجار بەکارهێندراوە.

بەرپرسەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات وتی سەرەتا ئەمەریکا لەڕێی ئەو هێڵە گەرمەوە پەیوەندیی بە سوپای ڕووسیاوە کردووە و نیگەرانی خۆی دەربڕیوە سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای ڕووسیا لە نزیک ژێرخانێکی هەستیاری ئۆکرانیا.

وردەکارییەکی کەم زانراوە سەبارەت بەو ڕووداوەی کە بووە هۆی پەیوەندیکردن بەو هێڵەوە، کە سەرکردایەتی سوپای ئەمەریکا لە ئەوروپا و ناوەندی بەرگری نیشتیمانی ڕووسیا بە یەکەوە دەبەستێتەوە.

بەرپرسەکە ڕەتی کردەوە وردەکاری زیاتر بدات بەڵام وتی هێڵە گەرمە سەربازییەکە لەو کاتەدا بەکارنەهاتووە کە موشەکەکە لەسەر خاکی پۆڵەندای ئەندام لە ناتۆ کەوتە خوارەوە و بووە هۆی کوژرانی دوو کەس. ناتۆ وتی ئەگەرێکی زۆر هەیە موشەکەکە لەلایەن هێزی بەرگری ئاسمانی ئۆکرانیاوە هەڵدرابێت و لە ئاڕاستەکەی لایدابێت، بەڵام لە کۆتاییدا ڕووسیا بەرپرس بوو لەو ڕووداوە چونکە ئەو هۆکاری جەنگەکەیە لە ئۆکرانیادا.

سەرەڕای ئەوەی بەرپرسەکەی ئەمەریکا ڕەتی کردەوە ئاماژە بەوە بدات کام لە چالاکییەکانی ڕووسیا ئەمەریکای نیگەران کردووە و وایکردووە ئەو هێڵە بەکاربهێنێت، بە ئاشکرا داننراوە بەو ڕووداوانەدا کە تیایاندا ڕووسیا لە نزیک ژێرخانە هەستیارەکانی ئۆکرانیادا شەڕی کردووە.

یەکێک لەو ژێرخانە هەستیارانەش بریتییە لە وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژای ئۆکرانیا کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی ڕووسیادایە.

ئۆکرانیا نیگەرانی خۆشی دەربڕیوە سەبارەت بەوەی ڕووسیا ڕەنگە بەنداوی نۆڤا کاخۆڤکا بتەقێنێتەوە، کە یەدەگێکی ئاوی زۆر گەورەی لە باشووری ئۆکرانیا گرتۆتەوە. تەقاندنەوەی بەنداوەکە لافاو لە ناوچەکانی خوارەوەی بەنداوەکە دروست دەکات، بە شاری خێرسۆنی پایتەختی هەرێمی خێرسۆنیشەوە کە هێزەکانی ئۆکرانیا لە 11 ی مانگی یانزەدا کۆنتڕۆڵییان کردەوە.

جگە لە هێڵە گەرمە سەربازییەکەی نێوانیان، ئەمەریکا و ڕووسیا کەناڵی سەربازیی دیکەیان هەیە بۆ پەیوەندیکردن، لەوانەش گفتوگۆ ئاست بەرزە دەگمەنەکانی نێوان وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن و وەزیری بەرگری ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ. جەنەڕاڵە باڵاکانی ئەمەریکا و ڕووسیا، جەنەڕاڵی سوپای ئەمەریکا مارک مایڵی و جەنەڕاڵی سوپای ڕووسیا ڤالێری گیراسیمۆڤیش دوو جار لە دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا گفتوگۆیان کردووە.

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان و بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا بیڵ بێرنزیش پەیوەندییان لەگەڵ بەرپرسانی ڕووسیادا هەیە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG