Accessibility links

ئۆکرانیا دەڵێت ڕووسیا ڕەنگە وێستگە ئەتۆمییە داگیرکراوەکە جێبهێڵێت


سەرۆکی کۆمپانیای وزەی ئەتۆمی سەر بە دەوڵەتی ئۆکرانیا دەڵێت ئاماژە هەن لەسەر ئەوەی ڕەنگە هێزەکانی ڕووسیا ئامادەکاری بکەن بۆ جێهێشتنی وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژای ئۆکرانیا کە لە مانگی سێدا دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەیان لە ئۆکرانیا دەستیان بەسەردا گرت.

ئەو جۆرە هەنگاوە دەبێتە گەورەترین گۆڕانکاری لە گۆڕەپانی جەنگەکەدا لە هەرێمی زاپۆریژای باشووری ئۆکرانیا کە بەشێکی لەلایەن ڕووسیاوە داگیرکراوە و چەند مانگێکە گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە ناوچەکەدا ڕووی نەداوە. بەڵام بۆردومانەکان لە دەوروبەری وێستگەکە ترس و نیگەرانی دروست کردووە لەسەر کەوتنەوەی کارەساتێکی ئەتۆمی.

سەرۆکی کۆمپانیای ئینەرگۆتۆم پێترۆ کۆتین وتی " لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا زانیارییمان بە دەست گەیشتووە کە ئاماژە بەوە دەکەن وادەردەکەوێت ئەوان ئامادەکاری بکەن بۆ جێهێشتنی وێستگەکە."

وتیشی " سەرەتا هەواڵی زۆر لە ڕاگەیاندنەکانی ڕووسیاوە هەن کە دەڵێن باشتر دەبێت ئەگەر وێستگەکە چۆڵ بکرێت یاخود بدرێتە دەستی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی. ئەوە وات لێدەکات پێت وابێت ئەوان خەریکن خۆیان کۆدەکەنەوە و هەرچی بتوانن بیدزن."

کۆتین کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی ئایا زۆر زوو نیە باس لەوە بکرێت هێزەکانی ڕووسیا وێستگەکە جێبهێڵن، وتی " زۆر زووە، ئێمە پێمان وانیە ئەوە ئێستا ڕووبدات. بەڵام ئەوان ئامادەکاری دەکەن بۆ جێهێشتنی وێستگەکە."

وتیشی " سەرجەم کارمەندە ئۆکرانییەکان ڕێگرییان لێکراوە لە خاڵەکانی پشکنین تێپەڕ ببن و گەشت بکەن بۆ ئەو ناوچانەی کە لە ژێر دەسەڵاتی ئۆکرانیادان."

لە 23 ی مانگی یانزەدا سەرۆکی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی ڕافایل گرۆسی لە ئیستەنبوڵ لەگەڵ شاندێکی ڕووسیادا کۆبۆوە، مەبەست لە کۆبوونەوەکەش تاوتوێکردنی دامەزراندنی ناوچەیەکی پارێزراو بوو لە دەوروبەری وێستگەکەدا. پێش داگیرکارییەکەی ڕووسیا، وێستگەی ناوەکی زاپۆریژا نزیکەی پێنج یەکی کارەبای ئۆکرانیای دابین کردووە، وێستگەکەش گەورەترین وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبایە لە ئەوروپادا.

دەزگای هەواڵی ئاڕ ئای ئەی ڕووسیا ڕۆژێک دوای کۆبوونەوەکە لە زاری جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی ڕیابکۆڤەوە بڵاویکردەوە دەبێت " بە خێرایی " بڕیار لەسەر دامەزراندنی ناوچەیەکی پارێزراو بدرێت.

لەم مانگەدا هێزەکانی ئۆکرانیا شاری خێرسۆنی باشوور و چەند ناوچەیەکیان لەسەر ڕووباری دنیپرۆ لە هەرێمی خێرسۆن کۆنتڕۆڵ کردەوە. خێرسۆنیش دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی هەرێمی زاپۆریژاوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG