Accessibility links

زێلێنسکی سەردانی هێزەکانی ئۆکرانیا دەکات لە نزیک هێڵەکانی پێشەوەی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا


سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی لە ساڵیادی ڕۆژی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەدا سەردانی هێزەکانی ئۆکرانیای کرد لە نزیک هێڵەکانی پێشەوەی هەرێمی دۆنباسی ڕۆژهەڵات.

زێلێنسکی لە تێلێگرام نوسیویەتی " سوپاس بۆ ئازایەتی و سووربوونتان. ئێوە خاڵی دابڕاوی پێشەوەی سەربەخۆییمانن." هاوکات ڤیدیۆیەکیشی بڵاوکردەوە کە تیایدا لەگەڵ سەربازەکاندا کۆدەبێتەوە و خەڵاتییان دەداتێ.

وتی " باوەڕم وایە جاری دواتر لە دۆنێتسک و لوهانسکی ئۆکرانیا کۆدەبینەوە." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ پایتەختەکانی هەرێمەکانی دۆنێتسک و لوهانسک کە هێزە جیاخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کە ڕووسیا پشتیوانییان لێدەکات لە ساڵی 2014 دا کۆنتڕۆڵییان کردن.

وتیشی " دڵنیام لە کرایمیاش کۆدەبینەوە." نیمچە دورگەی کرایمیاش بە هەمان شێوە لە ساڵی 2014 دا مۆسکۆ لکاندی بە ڕووسیاوە.

زێلێنسکی ئاماژەی بەوە نەدا بە دیاریکراوی لە کوێ لەگەڵ سەربازەکاندا کۆبۆتەوە.

بەرپرسانی ئۆکرنیا دەڵێن شەڕەکە لە دەوروبەری شارۆچکەکانی باخموتدایە لە کاتێکدا هێزەکانی ڕووسیا هەوڵ دەدەن ئەو شارۆچکەیە بگرن تاوەکو ناوچەیەکی زیاترییان لە دۆنباس بە دەستەوە بێت لە کاتێکدا کە لە شوێنەکانی دیکە شکستییان هێناوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG