Accessibility links

ئۆکرانیا و وڵاتانی باڵتیک سەرزەنشتی ماکرۆن دەکەن لەسەر پێشنیارکردنی پێدانی " گرەنتی ئاسایش " بە ڕووسیا


سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن پێشنیاری کردووە ڕۆژئاوا بیر لە پێویستیی ڕووسیا بکاتەوە بۆ گرەنتییە ئاسایشیەکان ئەگەر لە حاڵەتێکدا مۆسکۆ ڕازی ببێت گفتوگۆ بکات بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکەی لە ئۆکرانیا، ئەم پێشنیارەش ڕەخنەی توندی لێکەوتەوە لەلایەن ئۆکرانیا و وڵاتانی باڵتیکەوە.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی تی ئێف 1 ی فەڕەنسیدا، ماکرۆن وتی ئەوروپا پێویستە ئامادەکاری بکات بۆ پێکهاتەی ئاسایشی داهاتووی و بیریش لەوە بکاتەوە " چۆن گرەنتییەکان بدات بە ڕووسیا لەو ڕۆژەدا کە ڕووسیا دەگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆکردن."

ڕاوێژکاری باڵای سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی، میخایلۆ پۆدۆلیاک، وتی ئەوە جیهانە کە پێویستی بە گرەنتی ئاسایش هەیە لە ڕووسیاوە، نەک بە پێچەوانەوە.

سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایش و بەرگری نیشتیمانی ئۆکرانیا ئۆلێکسی دانیلۆڤ وتی " داماڵینی سەربازیی و ئەتۆمی " ڕووسیا باشترین گرەنتی دەبێت بۆ ئاشتی، نەک تەنها بۆ ئۆکرانیا بەڵکو بۆ جیهانیش.

دانیلۆڤ وتی " کەسێک دەیەوێت گرەنتی ئاسایش بدات بە وڵاتێکی بکوژ و تیرۆریست؟ لە جیاتی نورنبێرگ، بچێت ڕێککەوتن لەگەڵ ڕووسیا واژۆ بکات و تەوقەی لەگەڵدا بکات؟"

دادگاییەکانی نورنبێرگ بۆ دادگاییکردنی تاوانبارەکانی جەنگی نازییەکان دوای جەنگی جیهانی دووەم، ئەمڕۆ وەکو پێشەنگی دادگاکانی وەکو دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە هاگ سەیر دەکرێت. ڕووسیا ڕەتی کردۆتەوە هێزەکانی لە ئۆکرانیا تاوانی جەنگییان ئەنجام دابێت.

دوای چەند خولێکی گفتوگۆکان لە سەرەتای جەنگەکەدا، کیێڤ و مۆسکۆ کۆنەبوونەتەوە بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکە. کیێڤ دەڵێت تەنها لە کاتێکدا گفتوگۆکانی ئاشتی ڕێیان تێدەچێت کاتێک ڕووسیا هێرشەکانی ڕابگرێت و لە سەرجەم ناوچەکانی ئۆکرانیا بکشێتەوە.

بەڵام مۆسکۆ دەڵێت پێش ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ پوتندا بکرێت ڕۆژئاوا دەبێت دان بەو هەرێمانەدا بنێت کە مۆسکۆ لە مانگی نۆدا لکاندوونی بە ڕووسیاوە. ئەوانیش بریتین لە هەرێمەکانی خێرسۆن و زاپۆریژا و دۆنێتسک و لوهانسکی ئۆکرانیا.

هەفتەی ڕابردوو ماکرۆن لە واشنتن لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدندا کۆبۆوە و تاوتوێی جەنگەکەی ئۆکرانیایان کرد. دوای کۆبوونەوەکە بایدن وتی هیچ هەلومەرجێک نەڕەخساوە بۆ گفتوگۆکردنی ئەمەریکا و ڕووسیا سەبارەت بە کۆتایی هێنان بە جەنگەکە.

تاوەکو ئێستا سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی لێدوانی لەسەر پێشنیارەکەی ماکرۆن نەداوە.

پێشنیارەکەی ماکرۆن بۆ پێدانی گرەنتی ئاسایش بە ڕووسیا لە وڵاتانی باڵتیکیش ڕەخنەی لێگیراوە کە سنوورییان بە سنووری ڕووسیاوەیە و مۆسکۆ بە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر وڵاتەکانیان سەیر دەکەن.

سەرۆک وەزیری پێشووی فینلەندا ئالیکساندەر ستوب سەبارەت بە پێشنیارەکە وتی " لە بنەڕەتدا " هاوڕا نیە لەگەڵ ماکرۆندا.

وتی " تەنها گرەنتی ئاسایش کە دەبێت سەنگی بخەینە سەر ئەو گرەنتییانەن کە پەیوەندییان بە ڕووسیاوە نیە. ڕووسیا سەرەتا پێویستی بەوەیە هێرش نەکاتە سەر ئەوانی دیکە."

سەرۆک وەزیری پێشووی لیتوانیا لیناس لینکیڤیکوس وتی ڕووسیا گرەنتی ئاسایشی دەبێت ئەگەر " هێرش نەکاتە سەر دراوسێکانی و ناوچەکانیان نەلکێنێت بە ڕووسیاوە یاخود داگیرییان نەکات."

وتی " ئەگەر هەرکەسێک بیەوێت پێکهاتەیەکی ئاسایشی نوێ دروست بکات کە تیایدا ڕێگە بە وڵاتێکی تیرۆریست بدات بەردەوام بێت لە شێوازەکانی تۆقاندن و ترساندنی ئەوانی دیکە، ئەوا دەبێت جارێکی دیکە بیر بکاتەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG