Accessibility links

ڕووسیا جارێکی دیکە بۆردومانی ژێرخانە هەستیارەکانی ئۆکرانیا دەکاتەوە


بەرپرسانی ئۆکرانیا ئاماژەیان بەوەداوە ڕۆژی دووشەممە ڕووسیا هێرشی ئاسمانی کردۆتە سەر سەرانسەری ئۆکرانیا. زەنگی ئاگادارکردنەوەی هێرشی موشەکی لێدراوە و داوا لە خەڵکەکە کراوە پەنا ببەنە بەر پەناگەکان.

هێرشە ئاسمانییە نوێیەکانی ڕووسیا بۆ سەر ماڵ و بینا و ژێرخانی کارەبای ئۆکرانیا، کە بەرپرسانی ئۆکرانیا پێشبینییان کردبوو، تیشک دەخاتە سەر ستراتیژی ڕووسیا بۆ نەهێشتنی وزە و گەرمی و ئاو لە ئۆکرانیا لە وەرزی ساردی زستاندا.

کۆمپانیای یوکرینیرگۆ کە سەرپەرشتی سیستمەکانی کارەبای ئۆکرانیا دەکات پشتڕاستی کردەوە کە ڕووسیا لە ژێرخانی دامەزراوەکانی وزەی داوە، ئەوەش بووەتە هۆی پچڕانی هێڵەکانی کارەبا لە ئۆکرانیادا.

سەرۆک وەزیری ئۆکرانیا دێنیس شمیهال وتی بەڵام سیستمی کارەبای سەرانسەری وڵاتەکە بە گشتی هێشتا چالاکە.

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئۆکرانیا باسیان لە کۆمەڵێک تەقینەوە کردووە لە چەند بەشێکی باشووری کیێڤی پایتەختدا، لەوانەش لە چێرکاسی و کریڤی ڕی و شاری ئۆدێسای سەر دەریای ڕەش، کە لەوێ کۆمپانیایەکی ئاو وتی کارەبا وێستگەکانیان بڕاوە، شارەکەش بەبێ ئاو ماونەتەوە.

جێگری بەرپرسی ئۆفیسی سەرۆکایەتی ئۆکرانیا کیریلۆ تیمۆشینکۆ گوتی " دوژمن جارێکی دیکە بە موشەک هێرشە دەکاتە سەر خاکی ئۆکرانیا."

تیمۆشینکۆ گوتی لە گوندی نۆڤۆسۆفیڤکا لە باشووری هەرێمی زاپۆریژا دوو کەس کوژران و سێ کەسی دیکە بریندار بوون، یەکێک لە بریندارەکان منداڵێکی تەمەن 22 مانگ بووە.

وتەبێژی هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا یوری ئیهنات گوتی ئەو موشەکانەی کە لە وشکانییەوە هەڵدراون لە باشووری ڕووسیاوە هەڵدراون، ئەو موشەکانەشی لە دەریاوە هەڵدراون لە دەریای کاسپیان و دەریای ڕەشەوە هەڵدراون. بۆمبڕێژە ستراتیژییەکانی ڕووسیاش موشەکییان هەڵداوە.

لە ماوەی ڕابردوودا دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ڕووسیا ئاماژەیان بە دوو تەقینەوەدا لە بنکەیەکی هێزی ئاسمانی لە ڕووسیا. یەکێکیان لە بنکەیەکدا بووە کە فڕۆکەی بۆمبڕێژی ستراتیژی تیادا بووە کە دەتوانێت بۆمبی ئەتۆمی هەڵبگرێت و هێرشی ئاسمانییان لە ئۆکرانیادا ئەنجام داوە.

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی گوتی هێزەکانی بەرگری ئاسمانی ئۆکرانیا زۆربەی موشەکەکانیان خستۆتە خوارەوە، کارمەندانی وزەش دەستیان کردووە بە چاککردنەوەی هێڵەکانی کارەبا.

زێلێنسکی گوتی " حەز دەکەم سوپاسی بەرگری ئاسمانی و کارمەندان و خەڵکەکەمان بکەم، بەرگری ئاسمانی موشەکەکانیان خستۆتە خوارەوە. کارمەندانی وزەش دەستیان کردووە بە چاککردنەوەی هێڵەکانی کارەبا. خەڵکەکەشمان هەرگیز کۆڵ نادەن."

سەرکردایەتی هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا وتی زیاتر لە 60 موشەکی ڕووسییان لە کۆی زیاتر لە 70 موشەک خستۆتە خوارەوە.

XS
SM
MD
LG