Accessibility links

دیپلۆماتکارێکی ئەمەریکایی دەڵێت پوتن دڵسۆز نییە بەرامبەر بە گفتوگۆکانی ئاشتی لەگەڵ ئۆکرانیادا


سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن
سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن

دیپلۆماتکارێکی باڵای ئەمەریکا دەڵێت سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن دڵسۆز نییە سەبارەت بە گفتوگۆکانی ئاشتی لەگەڵ ئۆکرانیادا و هاوکات جەنگەکە دەباتە ئاستێکی نوێی " دڕندەییەوە "، ئەوەش لە ڕێی هەوڵدان بۆ کوژاندنەوەی ڕووناکی هاووڵاتیانی مەدەنی ئۆکرانیا.

جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری سیاسی ڤیکتۆریا نۆلاند لە کیێڤ لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی و بەرپرسانی دیکەی باڵای ئۆکرانیادا کۆبۆوە، ئەوەش بە مەبەستی دەرخستنی پشتیوانی لە کاتێکدا کە ڕووسیا هەوڵ دەدات ژێرخانی وزەی وڵاتەکە لە ناو ببات.

نۆلاند بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئاشکرایە کە دیبلۆماسی ئامانجی هەمووانە بەڵام لە کاتێکدا بەرامبەرەکەت ئارەزووی لێبێت. زۆر ئاشکراشە لە قسەکان کرێملنەوە یاخود لە هێرشەکانیانەوە بۆ سەر وزە یاخود ڕەفتارییان بە گشتی، کە پوتن دڵسۆز نییە یاخود ئامادە نییە بۆ دیبلۆماسی."

ڕۆژی پێنجشەممە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن وتی ئامادەیە لەگەڵ پوتندا گفتوگۆ بکات ئەگەر پوتن گرنگی بە کۆتایی هێنان بە جەنگەکە بدات. بەڵام ئەوە بە خێرایی گۆڕا دوای ئەوەی کرێملن ڕایگەیاند ڕۆژئاوا دەبێت دان بنێت بەو چوار هەرێمەدا کە مۆسکۆ لکاندوونی بە ڕووسیاوە، ئەوانیش هەرێمەکانی خێرسۆن و زاپۆریژا و دۆنێتسک و لوهانسکی ئۆکرانیان.

نۆلاند وتی کاردانەوەی ڕووسیا پیشانیدا کە " ئەوان چەندە جددی نین."

لە مانگی 10 ەوە هەفتانە ڕووسیا هێرشی توندی ئاسمانی دەکاتە سەر ژێرخانەکانی کارەبا و گەرمکەرەوەی ئۆکرانیا، کیێڤ دەڵێت ئەوە هەڵمەتێکی بەمەبەستە بۆ ئازاردانی هاووڵاتیانی مەدەنی و تاوانی جەنگە.

نۆلاند وتی " پوتن ئەم جەنگەی بردۆتە ئاستێکی نوێی دڕندەیی، بردوویەتییە ناو سەرجەم ماڵەکانی ئۆکرانیاوە لە کاتێکدا هەوڵ دەدات گڵۆپی ماڵەکان بکوژێنێتەوە و ئاوەکەیان ببڕێت و ئەوە بە دەست بهێنێت کە لە گۆڕەپانی جەنگەکەدا نەیتوانی بە دەستی بهێنێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG