Accessibility links

ڕووسیا سیستمی بەرگری موشەکی ڕەوانەی دورگەی کوریلی نزیک ژاپۆن دەکات


وەزارەتی بەرگری ڕووسیا دەڵێت سیستمی بەرگری موشەکی ڕەوانەی باکووری دورگەی کوریل کردووە، دورگەکەش بەشێکە لەو زنجیرە دورگەیەی کە دەکەونە نێوان ژاپۆن و نیمچە دورگەی کامچاتکای ڕووسییەوە.

ژاپۆن دەڵێت باشووری دورگەکانی کوریل کە لە ژێر دەستی ڕووسیادایە بەشێکە لە خاکی ژاپۆن، ژاپۆن دورگەکانی کوریل بە ناوچەکانی باکوور ناودەبات، ئەم دورگانەش لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەمەوە جێی ناکۆکی نێوان ڕووسیا و ژاپۆنن. یەکێتی سۆڤیەت دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەم ئەو دورگانەی لە ژێر دەستی ژاپۆندا دەرهێنا و کۆنتڕۆڵی کردن.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕایگەیاند سیستمی بەرگری موشەکی باستیۆنی ڕووسی کە مەودای موشەکەکانی دەگاتە 500 کم، لە دورگەی پاراموشیر جێگیر کراون.

وەزارەتەکە وتی کامپێکی سەربازی لەسەر دورگەی پاراموشیر دامەزرێندراوە و دەتوانێت بۆ ماوەی ساڵێک خزمەت بکات و کەلوپەل و پێداویستی و خۆراک بۆ سەربازەکان دابین بکات.

جێگیرکردنی سیستمەکە لەسەر دورگەی پاراموشیر ساڵێک دوای ئەوە دێت ڕووسیا سیستمەکانی باستیۆنی لەسەر دورگەی ماتوا جێگیر کرد، دورگەکەش دەکەوێتە ناوەڕاستی دورگەکانی کوریلەوە.

سکرتێری گشتی کابینەی حکومەتی ژاپۆن هیرۆکازو ماتسونو لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی حکومەتی وڵاتەکەی لە نزیکەوە چاودێری چالاکییە سەربازییەکانی ڕووسیا دەکات، گوتیشی چالاکییە سەربازییەکانی ڕووسیا لە هەرێمەکانی ڕۆژهەڵاتەوە زیاتر بوون، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ داگیرکارییەکەی ڕووسیادا لە ئۆکرانیا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG