Accessibility links

ئۆکرانیا: ڕووسیا جێگری سەرۆکی وێستگەی ناوەکی زاپۆریژای ڕفاندووە


کۆمپانیای ئینەرگۆتۆمی ئۆکرانیا کە سەرپەرشتی وێستگەی ناوەکی زاپۆریژا دەکات وتی هێزەکانی ڕووسیا جێگری سەرۆکی وێستگەکەیان ڕفاندووە و لە شوێنێکی نادیار دەستبەسەر کراوە.

ئینەرگۆتۆم وتی ڤالێری مارتینیوک ڕۆژی دووشەممە دەستگیرکراوە. وەزارەتی بەرگری ڕووسیاش تاوەکو ئێستا لێدوانی لەسەر ئەو بابەتە نەداوە.

کۆمپانیا ئۆکرانییەکە داواشی لە سەرۆکی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی ڕافائیل گرۆسی کرد " سەرجەم ڕێوشوێنەکان بگرێتەبەر " بۆ ئازادکردنی مارتینیوک. بەگوێرەی کرێملن، بڕیارە گرۆسی لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتندا کۆببێتەوە.

ڕووداوەکە دوابەدوای دەستگیرکردنی سەرۆکی ئەو کاتەی وێستگەی ناوەکی زاپۆریژا ئیهۆر موراشۆڤ دێت کە لە 1 ی مانگی 10 دا دەستبەسەرکرا و دواتر لە 3 ی مانگی 10 دا ئازاد کرا، دواتر دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی وتی موراشۆڤ چیتر وەکو سەرۆکی وێستگەکە کار ناکات.

وێستگەی ناوەکی زاپۆریژا کە گەورەترین وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبایە لە ئەوروپادا، لە سەرەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیادا لە ئۆکرانیا دەستی بەسەرداگیرا، بەڵام هێشتا لەلایەن کارمەندە ئۆکرانییەکانەوە بەڕێوەدەبرێت.

هەفتەی ڕابردوو ڕووسیا ڕایگەیاند لەمەودوا کارمەندانی ڕووسی وێستگەکە بەڕێوە دەبەن. سەرۆکی کۆمپانیای ئینەرگۆتۆم پیترۆ کۆتین ئەوەی ڕەت کردەوە و خۆی وەکو بەڕێوبەری وێستگەکە دەستنیشان کرد، وتیشی بڕیارەکان لەسەر ئەرکەکانی وێستگەکە لە کیێڤەوە دەدرێن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG