وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ دەڵێت مۆسکۆ کراوەیە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ڕۆژئاوادا سەبارەت بە جەنگی ئۆکرانیا، بەڵام هێشتا هیچ پێشنیارێکی ڕژدی بۆ گفتوگۆکردن بە دەست نەگەیشتووە.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵێکی سەر بە دەوڵەتی ڕووسیا، لاڤرۆڤ وتی ڕووسیا ئارەزووی ئەوەی هەیە لەگەڵ ئەمەریکا یاخود لەگەڵ تورکیادا گفتوگۆ بکات بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکە.
ئەم لێدوانەی لاڤرۆڤ دوای ئەوە دێت لە سەرەتای مانگی نۆوە هێزەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا ڕووبەڕووی کۆمەڵێک شکست بوونەتەوە.
لاڤرۆڤ وتی بەرپرسانی وەکو وتەبێژی ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی جۆن کیربی وتوویەتی کە ئەمەریکا کراوەیە بە ڕووی گفتوگۆکردندا و ڕووسیا ئەوەی ڕەت کردۆتەوە.
لاڤرۆڤ وتی " ئەمە ڕاست نیە. هیچ پێشنیارێکی ڕژدمان بۆ گفتوگۆکردن بە دەست نەگەیشتووە."
وتیشی ڕووسیا کۆبوونەوەیەکی نێوان سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن و سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکەی کۆمەڵەی بیستدا لە ئیندۆنیسیا ڕەت ناکاتەوە، هەروەها پێشنیارەکانیش لەبەرچاو دەگرن ئەگەر بە دەستییان بگات.
وتی " ئێمە چەند جارێک وتوومانە هەرگیز کۆبوونەوەکان ڕەت ناکەینەوە. ئەگەر پێشنیارێک هەبێت، ئەوا لەبەرچاوی دەگرین."
لە لێدوانێکیشدا سەبارەت بەوەی تورکیا میوانداری گفتوگۆکانی نێوان ڕووسیا و ڕۆژئاوا بکات، لاڤرۆڤ وتی مۆسکۆ خوازیار دەبێت بۆ گوێگرتن لە هەر پێشنیارێک بەڵام ناتوانێت بڵێت ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی ئەنجامێکمان دەست بکەوێت یاخود نا.
وتیشی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەم هەفتەیەدا دەرفەتێکی دەبێت پێشنیارەکان بخاتە بەردەم سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن، لە کاتێکدا کە هەردووکیان سەردانی کازاخستان دەکەن.
لاڤرۆڤ ئاماژەشی بەوەدا گفتوگۆ ڕاستەوخۆکان لەگەڵ ئۆکرانیا لە کۆتایی مانگی سێدا پچڕان. سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکیش گفتوگۆکردنی لەگەڵ پوتندا بەدوور زانیوە، ئەوەش دوای ئەوەی ڕووسیا لکاندنی چوار هەرێمی ئۆکرانیای بە ڕووسیاوە ڕاگەیاند.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
سەرگێ لاڤرۆڤ: ڕووسیا کراوەیە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ڕۆژئاوادا
