Accessibility links

تایوان فڕۆکەکانی ڕەوانە دەکات بۆ دوورخستنەوەی فڕۆکە چینییەکان


وەزارەتی بەرگری تایوان دەڵێت تایوان فڕۆکە شەڕکەرەکانی ڕەوانە کردووە بۆ ئاگادارکردنەوە و دوورخستنەوەی 39 فڕۆکەی چینی کە هاتوونەتە ناو ناوچەی ئاسمانی بەرگری باشووری ڕۆژهەڵاتی دوورگەکەوە.

لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا تایوان ڕووبەڕووی بەزاندنی ئاسمانی دوورگەکە بووەتەوە لەلایەن فڕۆکەکانی هێزی ئاسمانی چینەوە، زۆرجار لە ناوچەکانی باشووری ناوچە بەرگری ئاسمانی تایوان.

وەزارەتی بەرگری تایوان لە ڕاپۆرتێکدا کە ئاماژەی بە وردەکارییەکانی چالاکی فڕۆکە چینییەکان داوە لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا، وتی ئەو فڕۆکە چینییانەی کە هاتوونەتە ئاسمانی ناوچەی بەرگرییەوە بریتی بوون لە 21 فڕۆکەی شەڕکەر و فڕۆکەی بۆمبهاوێژی ئێچ – 6 و دژە ژێرئاوگەڕ و فڕۆکەی سوتەمەنی.

وەزارەتەکە وتی زۆربەی فڕۆکەکان بەسەر ڕێڕەوی ئاوی کەناڵی باشیدا فڕیون بۆ ناوچەیەکی دەرەوەی کەناری باشووری ڕۆژهەڵاتی دوورگەکە. سێ کەشتی هێزی دەریایی چینیش لە نزیک تایوان بیندراون.

وتیشی تایوان فڕۆکەی شەڕکەری ڕەوانە کردووە بۆ ئاگادارکردنەوە و دوورخستنەوەی فڕۆکە چینییەکان، هاوکات سیستمە موشەکییەکانیش چاودێری گەشتەکانیان کردووە.

چین تایوان بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت، لەم ساڵانەی ڕابردووشدا فشارە سەربازیی و سیاسییەکانی بۆ سەر تایوان زیاتر کردووە. تایوانی دیموکراتخواز دەسەڵاتی چین بەسەر دوورگەکەدا ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت ئاشتی دەوێت بەڵام ئەگەر هێرشی بکرێتە سەر ئەوا بەرگری لە خۆی دەکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG