Accessibility links

وەزیری بەرگری فینلەندا: ڕەنگە فینلەندا پێش سوید ببێتە ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا


وەزیری بەرگری فینلەندا نیکۆ ساڤۆلا
وەزیری بەرگری فینلەندا نیکۆ ساڤۆلا

وەزیری بەرگری فینلەندا دەڵێت ئەگەر حکومەتی تورکیا داواکەی سوید بۆ ئەندامێتی لە ناتۆ ڕابگرێت ئەوا فینلەندا چاوەڕێی سوید ناکات و دەبێتە ئەندام لە هاوپەیمانێتییەکەدا.

وەزیری بەرگری فینلەندا نیکۆ ساڤۆلا بە دەزگای هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێسی گوت فینلەندا پێی باشترە لەگەڵ سویددا پێکەوە لە یەک کاتدا ببنە ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا، بەڵام پڕۆسەکە ڕاناگرێت ئەگەر تورکیا بڕیار بدات داواکەی فینلەندا بۆ چوونە پاڵ ناتۆ پەسەند بکات و ئەوەی سوید پەسەند نەکات، وەکو چۆن هۆشداریداوە.

لە چاوپێکەوتنێکدا لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونخ، ساڤۆلا گوتی " نەخێر، نەخێر، ئەو کاتە دەچینە پاڵ ناتۆ."

وەکو وەڵامێک بۆ داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، ساڵی ڕابردوو سوید و فینلەندا دەستبەرداری بێلایەنییە سەربازییەکەیان بوون و بە فەڕمی داوای ئەندامێتییان کرد لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا. بەڵام تورکیا تاوەکو ئێستا داواکانی پەسەند نەکردووە و دەڵێت سوید دەبێت فشارەکانی بۆ سەر گروپە کوردییەکان ناو سوید زیاتر بکات، هەروەها ئاماژەی بەوەداوە و ڕەنگە پێشتر داواکەی فینلەندا پەسەند بکات.

ساڤۆلا گوتی " سوید نزیکترین هاوبەشمانە. هەفتانە هێزەکانی بەرگریمان پێکەوە مەشق دەکەن. هاریکارییەکی زۆر قووڵە و بە تەواوەتی متمانەشمان بە یەکتر هەیە. بەڵام ئێستا ئەوە لە دەستی تورکیادایە."

دواتر لە کۆنفرانسەکەدا بەرپرسانی باڵای فینلەندا لێدوانی هاوشێوەیاندا. سەرۆک وەزیری فینلەندا سانا مارین وتی فینلەندا پێی باشترە لەگەڵ سویددا ببێتە ئەندام لە ناتۆ، بەڵام " لە دەسەڵاتی سویددا " نیە وڵاتان چۆن داواکانیان پەسەند دەکەن.

سەرۆکی فینلەندا ساولۆ نینیستۆ گوتی ئەوەی کە تورکیا دەڵێت بەڵێ بۆ فینلەندا و نەخێر بۆ سوید ڕەنگە دۆخێکی قورس دروست بکات.

نینیستۆ گوتی " بە شێوەیەک لە شێوەکان دەستمان بەستراوە. داوای ئەندامێتیمان کرد. ئایا دەبێت ئێستا بڵێین نەخێر داواکەمان هەڵدەوەشێنینەوە؟ نەخێر ناتوانین ئەوە بکەین."

لە کۆی 30 ئەندامەکەی هاوپەیمانێتی ناتۆ تاوەکو ئێستا تەنها تورکیا و هەنگاریا داواکانی سوید و فینلەندایان پەسەند نەکردووە. هەنگاریا دەڵێت بەمزووانە پەسەندییان دەکات، بەڵام تورکیا دەڵێت سوید کاری تەواوی نەکردووە بۆ هێورکردنەوەی نیگەرانیەکانی ئاسایشی نیشتیمانی تورکیا.

ڕۆژی هەینی سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ لە میونخ بە ڕۆژنامەنووسانی گوت " پرسە سەرەکییەکە ئەوە نیە سوید و فینلەندا پێکەوە لە هەمان کاتدا ببنە ئەندام. پرسە سەرەکییەکە ئەوەیە کە سوید و فینلەندا بە زووترین کات ببنە ئەندام، ئەوەش بێگومان بڕیاری تورکیایە هەردوو پڕۆتۆکۆڵەکە پێکەوە پەسەند بکات یاخود یەک پڕۆتۆکۆڵییان پەسەند بکات."

ساڤۆلا گوتی هیوادارە فینلەندا کە سنوورێکی 1340 کیلۆمەتری لەگەڵ ڕووسیادا هەیە پێش کۆبوونەوەکەی مانگی حەوتی ناتۆ ببێتە ئەندام لە هاوپەیمانێتییەکەدا. وتیشی تاوەکو ئەو کاتەش فینلەندا نیگەران نابێت سەبارەت بە ئاسایشی وڵاتەکە، ئاماژەی بەوەدا وڵاتەکەی سوپایەکی هەیە لە کاتی جەنگدا 280,000 سەربازی هەیە، لە سەدا 95 ی سوپاکە یەدەگن و پلانی هەیە فڕۆکەی شەڕکەری ئێف 35 لە ئەمەریکا بکڕێت، هاوکات وەبەرهێنان دەکات لە هێزەکانی وشکانی و دەریاییدا.

ساڤۆلا گوتی " ئێمە بەهێزین و ویستمان بۆ بەرگریکردن لە وڵاتەکەش بەهێزە."

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG