Accessibility links

ئەڵمانیا دەڵێت دەبێت داواکانی سوید و فینلەندا بۆ چوونە پاڵ ناتۆ بەبێ دواکەوتن پەسەند بکرێن


وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەنالینا بێربۆک
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەنالینا بێربۆک

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەنالینا بێربۆک داوای لە تورکیا و هەنگاریا کرد ڕێگە بدەن سوید و فینلەندا ببنە ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا، ئاماژەی بەوەدا پێشبینی دەکات سەرجەم ئەندامانی هاوپەیمانێتی ناتۆ داواکانی ئەو دوو وڵاتە بەبێ هیچ " دواکەوتنێکی زیاتر " پەسەند بکەن.

بێربۆک لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ هاوتا فینلەندییەکەی لە هێلسینکی وتی ئەندامێتی سوید و فینلەندا لە هاوپەیمانێتییەکە دەبێتە هۆی پتەوتر کردنی ناتۆ و دوو وڵاتەکە دەبێت پێکەوە ببنە ئەندام.

دوای ئەوەی ڕووسیا داگیرکارییەکەی لە ئۆکرانیا دەستپێکرد، سوید و فینلەندا بە فەڕمی داوای ئەندامێتییان کرد لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا و وتوویانە دەیانەوێت " پێکەوە ببنە ئەندام لە ناتۆدا." بەڵام لە کاتێکدا کە هەندێک لە وڵاتانی ناتۆ داواکانیان پەسەند کردووە، هێشتا تورکیا و هەنگاریا پەسەندییان نەکردوون.

لەم مانگەدا تورکیا وتی پشتیوانی لە داواکەی فینلەندا دەکات، بەڵام دەیەوێت بە تایبەتی سوید هەڵوێستێکی توندتر بگرێتەبەر دژی پارتی کرێکارانی کوردستان.

ئەنکەرە مانگی ڕابردوو گفتوگۆکانی لەگەڵ سوید و فینلەندادا هەڵوەشاندەوە، ئەوەش دوابەدوای خۆپیشاندانەکانی بەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە ستۆکهۆڵم کە تیایدا قورئانی پیرۆزی موسوڵمانان سوتێندرا.

سەرۆک وەزیری هەنگاریا ڤیکتۆر ئۆربان لە مانگی یانزەی ساڵی 2022 دا وتی لە سەرەتای ئەم ساڵدا پەرلەمانی وڵاتەکە داواکەی دوو وڵاتەکە بۆ چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ پەسەند دەکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG