Accessibility links

دەزگای ئاسایشی سوید: سوید بە شێوەیەکی بەرچاو بووەتە جێی سەرنجی ئیسلامییە توندڕەوەکان


دەزگاکانی ئاسایشی سوید دەڵێن دوای ئەوەی چەند ڕووداوێک لە سوید ڕوویاندا بە سوتاندنی قورئانی پیرۆزی موسوڵمانانیشەوە، سوید بووەتە جێی سەرنجی ئیسلامییە توندڕەوەکان.

دەزگای ئاسایشی سویدی لە بەیاننامەیەکدا وتی " پێشهاتەکانی ئەم دواییانە لەگەڵ هەڕەشەکانی سەر سوید و بەرژەوەندییەکانی سوید، جددین و کار دەکەنە سەر ئاسایشی سوید."

وتیشی " پێشهاتەکان ئەوە دەگەیەنن کە سوید ئێستا زۆر زیاتر لە پێشتر بووەتە جێی سەرنجی ئیسلامییە توندڕەوەکان لە سەرانسەری جیهانەوە."

سوید و فینلەندا ساڵی ڕابردوو بە فەڕمی داوای ئەندامێتییان کرد لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا، ئەوەش وەکو وەڵامێک بۆ داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیادا.

بەڵام پڕۆسەی ئەندامێتییان لە هاوپەیمانێتییەکەدا لەلایەن تورکیاوە ڕاگیراوە، تورکیا دژایەتی داواکەی سوید و فینلەندا دەکات و دەڵێت بە تایبەتی سوید کاری تەواوی نەکردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.

سوتاندنی قورئانی پیرۆز لە مانگی ڕابردوودا لەلایەن سیاسەتمەدارێکی ڕاستڕەوی سویدەوە لە بەردەم باڵیۆزخانەی تورکیادا لە ستۆکهۆڵم بووە هۆی زیادبوونی گرژییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە.

دەیان هەزاران ئەفغانی ڕژانە سەر شەقامەکان و دژی کارەکەی ڕاسمس پلۆدن ناڕەزاییان دەربڕی، کارەکەی پڵۆدن توڕەیی موسوڵمانانی سەرانسەری جیهانی لێکەوتەوە.

پۆلیسی ستۆکهۆڵم وتی داوایەکی بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانێکی دیکە لە بەردەم باڵیۆزخانەی تورکیادا ڕەت کردۆتەوە و مۆڵەتی نەداوەتێ، کە بڕیار بوو ڕۆژی پێنجشەممە ئەنجام بدرێت و کتێبێکی قورئانی پیرۆزی تیادا بسوتێندرێت.

ئۆلا ئۆستەرلینگی وتەبێژ وتی پێشهاتەکانی ئەمدواییە مانای ئەوەیە کە ناتوانین گرەنتی پارێزراوی هاوڵاتیان بدەین.

وتیشی " دەشتوانین بڵێین سوتاندنی قورئان بە شێوەیەکی بەرچاو کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە دژی کۆمەڵگەی سویدی لە دەرەوە و لە سوید و سویدییەکانی دەرەوەی وڵاتیش."

وتیشی بڕیاری پێنەدانی مۆڵەت بە خۆپیشاندان پەیوەندی بە دۆخەکەی ئێستاوە هەیە و قەدەغەکردنێکی گشتی نیە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG