Accessibility links

کۆریای باشوور هۆشداری دەدات لەسەر کۆتایی هێنان بە ڕێککەوتنە سەربازییەکە لەگەڵ کۆریای باکووردا


سەرۆکی کۆریای باشوور یوون سوک ییول

ئۆفیسی سەرۆکایەتی کۆریای باشوور دەڵێت سەرۆکی کۆریای باشوور یوون سوک ییول بیر لە کۆتایی هێنان بە ڕێککەوتنە سەربازییەکانی ساڵی 2018 ی نێوان کۆریاکان دەکاتەوە ئەگەر کۆریای باکوور جارێکی دیکە ئاسمانی وڵاتەکە پێشێل بکاتەوە. ئەمەش لە نێوەندگی گرژییەکاندا لەسەر پێشێلکردنی ئاسمانی کۆریای باشوور لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی کۆریای باکوورەوە.

هەفتەی ڕابردوو چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی کۆریای باکوور هاتنە ئاسمانی کۆریای باشوورەوە، دواتر سوپای کۆریای باشوور لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ یوون باسی لەو ڕێوشوێنانە کرد کە گرتوویانەتەبەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی فڕۆکەکان، وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆریای باشوور کیم یون های وتی یوون " داوای توانایەکی بەهێزی وەڵامدانەوەی کردووە کە لەسەروو ئاستی ڕێژەوییەوە بن."

کیم ئیون های وتی یوون لە ماوەی کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ بەرپرسانی سەربازی وڵاتەکەدا " داوای لە ئۆفیسی ئاسایشی نیشتیمانی کردووە بیر لە کۆتایی هێنان بە ڕێککەوتنە سەربازییەکە بکاتەوە ئەگەر کۆریای باکوور جارێکی دیکە سنووری ناوچەکەمان ببەزێنێتەوە."

ڕێککەوتنەکەی ساڵی 2018 ، کە لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەی نێوان ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون و سەرۆکی پێشووی کۆریای باشوور موون جەی ئیندا واژۆ کرا، تیایدا داوای " ڕاگرتنی سەرجەم کارە دوژمنکارییەکان " دەکات و ناوچەیەکی قەدەغەکردنی فڕین لە دەوروبەری سنووری نێوانیان دروست دەکات، هەروەها مینەکان و خاڵە سەربازییەکان لە ناوچەی دابڕانی سەربازیدا لادەبات. حکومەتی کۆریای باشوور تاوەکو ئێستا ئاماژەی بەوە نەداوە چەند مین و خاڵی سەربازیی لابراون، هۆکارەکەشی گەڕاندۆتەوە بۆ بوونی نیگەرانی ئاسایشی.

هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکە دەبێتە هۆی گەڕاندنەوەی خاڵە سەربازییەکان و مەشقی تەقەکردن لەو ناوچەیەی کە فڕینی تیادا قەدەغە کرابوو، هەموو ئەوانەش پێش ڕێککەوتنەکە ببوونە هۆی کاردانەوەی توندی کۆریای باکوور.

پەیوەندییەکانی نێوان دوو کۆریاکە چەند دەیەیەکە باش نین، لە مانگی پێنجەوە کاتێک یوون بووە سەرۆکی کۆریای باشوور، خراپتر بوون.


یوون هەڵوێستێکی توندتری بەرامبەر کۆریای باکوور هەیە، لە ماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانیشیدا ئاماژەی بەوەدابوو کۆریای باکوور بەردەوام لە ڕێی تاقیکردنەوەی موشەکەکانیەوە ڕێککەوتنەکەی پێشێل کردووە. وتیشی ڕەنگە هەڵیبوەشێنێتەوە. دوای ئەوەی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی گرتە دەست وتی چارەنووسی ڕێککەوتنەکە بەندە بە کارەکانی کۆریای باکوورەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG