Accessibility links

کیم داوای ' زیادکردنی خێرای ' جبەخانە ئەتۆمییەکەی کۆریای باکوور دەکات


 ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ
ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ

دەزگای هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور بڵاویکردەوە ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون داوای زیادکرنی جبەخانە ئەتۆمییەکەی وڵاتەکەی کردووە، بە بەرهەمهێنانی چەکی تەکتیکی ئەتۆمی و گەشەپێدانی موشەکی نوێ بۆ هێرشی پێچەوانەی چەکی ئەتۆمیشەوە.

دەزگاکە وتی لە ڕاپۆرتێکدا لە کۆتایی کۆبوونەوە سەرەکییەکەی پارتەکەی کیم جۆن ئوندا لە پیۆنگیانگ، کیم داوای " زیادکردنی خێرای جبەخانەی ئەتۆمیی وڵاتەکەی کردووە."

هۆکاری ئەوەشی گەڕاندۆتەوە بۆ دوژمنکارییەکانی کۆریای باشوور و ئەمەریکا. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە دەڵێت " کۆریای باکوور پێویستی بە بەرهەمهێنانی ژمارەیەکی زۆر لە چەکی ئەتۆمی تەکتیکی هەیە و پێویستی بەوەیە پەرە بە موشەکێکی باڵیستیکی کیشوەربڕی نوێ بدات، کە ئەرکی سەرەکی هێرشی پێچەوانەی خێرای ئەتۆمی دەبێت."

لە ساڵی 2022 دا گرژییە سەربازییەکان لە نیمچە دوورگەی کۆریادا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادییان کرد، ئەوەش بەهۆی ئەوەی کۆریای باکوور لەو ساڵەدا ژمارەیەکی بێپێشینەی لە موشەکی باڵیستیکی تاقیکردەوە، بە موشەکی باڵیستیکی کیشوەربڕیشەوە.

سوپای کۆریای باشوور وتی ڕۆژی شەممە کۆریای باکوور سێ موشەکی مەودا کورتی هەڵداوە و کاتژمێر 2:30 خولەکی بەیانی ڕۆژی یەکشەممەش موشەکێکی دیکەی هەڵداوە.

دەزگای هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور وتی هەڵدانی موشەکەکەی ڕۆژی یەکشەممە " تاقیکردنەوەی هاوێژەری موشەکە جۆراوجۆرەکان بووە."

لە ڕاپۆرتێکی جیای دەزگاکەدا، کیم وتی " کۆریای باشوور لە مەودای چەکەکانماندان و لە توانایاندا هەیە کڵاوەی ئەتۆمی تەکتیکی هەڵبگرن."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG