Accessibility links

کرێملن دەڵێت ئوتومبێلە زریپۆشە نوێیەکانی ڕۆژئاوا بۆ ئۆکرانیا " ئازارەکانی گەلی ئۆکرانیا قوڵتر دەکەنەوە "


ڕۆژی دووشەممە کرێملن وتی پێدانی چەکە نوێیە ڕۆژئاواییەکان بۆ ئۆکرانیا بە ئوتومبێلی زریپۆشی فەڕەنسیشەوە " ئازاری گەلی ئۆکرانیا قوڵتر دەکەنەوە " و ئاڕاستەی جەنگەکە ناگۆڕن.

هەفتەی ڕابردوو فەڕەنسا و ئەڵمانیا ڕایانگەیاند ئوتومبێلی زریپۆشی سوکی شەڕکەر دەدەن بە ئۆکرانیا و پشتیوانییە سەربازییەکانیان بۆ کیێڤ زیاتر دەکەن. ئەمەریکاش بە هەمان شێوە ئوتومبێلی زریپۆشی شەڕکەر بۆ ئۆکرانیا دابین دەکات.

وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ بە ڕۆژنامەنووسانی وت پێدانی ئەم چەکانە " ناتوانن هیچ شتێک بگۆڕن. ئەمانە تەنها ئازاری گەلی ئۆکرانیا زیاتر دەکەن و ناڵاندنیان درێژتر دەکەنەوە. ئەو چەکانە لە توانایاندا نیە ڕامانبگرن لە بە دەستهێنانی ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تایبەتەکە."

ئۆکرانیا کە لە ماوەی داگیرکارییەکەی ڕووسیادا چەند سەرکەوتنێکی لە گۆڕەپانی جەنگەکەدا بە دەستهێناوە، داوای لە هاوپەیمانەکانی ڕۆژئاوا کردووە چەکی قورستر و سیستمی بەرگری ئاسمانی بدەنێ.

کرێملن وتی سەرەڕای بڕیارەکەی فەڕەنسا بۆ ڕەوانەکردنی چەکی زیاتر بۆ کیێڤ، مۆسکۆ سوپاسی سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن دەکات لەسەر هەوڵەکانی بۆ پاراستنی هێشتنەوەی گفتوگۆ لە نێوان ڕۆژئاوا و ڕووسیادا.

پێسکۆڤ وتی " سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن و ماکرۆن پەیوەندییەکانیان پاراستووە، هەندێک جار وەستان هەبووە لە گفتوگۆکاندا، بەڵام لە ماوەی قۆناغەکانی پێشووتردا ئەو پەیوەندییە زۆر سوودبەخش و بونیادنەر بووە، سەرەڕای سەرجەم جیاوازییەکان."

ماکرۆن لەلایەن ئۆکرانیا و هەندێک لە وڵاتانی ڕۆژئاواوە ڕەخنەی لێگیرا لەسەر ئەوەی لە قۆناغەکانی سەرەتای داگیرکارییەکەی ڕووسیادا بۆ چەند کاتژمێرێک لە ڕێی پەیوەندی تەلەفونییەوە قسەی لەگەڵ پوتندا دەکرد.

مانگی ڕابردوو ماکرۆن لەلایەن وڵاتانی باڵتیکەوە ڕەخنەی توندی لێگیرا، ئەوەش بەهۆی ئەوەی وتی ڕۆژئاوا دەبێت لە هەر گفتوگۆیەکی داهاتوودا بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا بیر لە پێویستییەکانی ڕووسیا بکاتەوە بۆ " گرەنتییە ئاسایشییەکان ".

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG