Accessibility links

ئۆکرانیا ستایشی یارمەتییە سەربازییەکەی ئەمەریکا دەکات


سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی ستایشی یارمەتییە نوێیە سەربازییەکانی ئەمەریکای کرد بۆ وڵاتەکە کە ئوتومبێلی زریپۆشی تێکشکێنەری تانکییان تێدایە، ئەمەش لە نوێترین یارمەتی سەربازیی ئەمەریکادا بۆ ئەو وڵاتە کە بەهاکەی دەگاتە ملیاران دۆلار.

زێلێنسکی وتی " ئەو یارمەتییانە بە تەواوەتی ئەوانەن کە پێویستن " بۆ هێزەکانی ئۆکرانیا لە شەڕیاندا دژی هێزەکانی ڕووسیا.

ڕۆژی هەینی ئەمەریکا ڕایگەیاند بڕی 3.75 ملیار دۆلاری تەرخانکردووە بۆ چەک و یارمەتییەکانی دیکە بۆ ئۆکرانیا و وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناتۆ، لە کاتێکدا کە مۆسکۆ ڕایگەیاند هێزەکانی ڕووسیا بۆ ماوەیەکی کورت بەهۆی جەژنی کریسمسی ئۆرثۆدۆکسەوە ئاگربەست ڕادەگەیەنن.

بەرپرسانی ئۆکرانیا ئاگربەستە تاکلایەنییەکەی ڕووسیایان ڕەت کردەوە کە 36 کاتژمێر دەخایەنێت، وتیان ئەم ئاگربەستە فێڵە و لەلایەن هەندێک لە هێزەکانی ڕووسیاوە پێشێل کراوە.

ڕۆژی شەممە وەزارەتی بەرگری ڕووسیا جەختی لەوە کردەوە هێزەکانی ڕووسیا بە درێژایی 1100 کم لە هێڵەکانی پێشەوەی شەڕەکە چاودێری ئاگربەستەکە دەکەن، بەڵام کاتێک هێرشییان کراوەتە سەر وەڵامییان داوەتەوە.

یارمەتییە سەربازییە نوێیەکەی ئەمەریکا تاوەکو ئێستا گەورەترین یارمەتی سەربازیی بووە بۆ کیێڤ. بۆ یەکەمین جار یارمەتییەکان ئوتومبێلی زریپۆشی شەڕکەری برادلییان تێدا بوو، کە بە تێکشکێنەری تانکەکان ناسراون چونکە موشەکی دژە تانکییان لەسەرە.

زێلێنسکی سەبارەت بە یارمەتییەکان وتی " یارمەتییەکان زۆر بەهێزن."
وتی " بۆ یەکەمین جار ئوتومبێلی زریپۆشی برادلیمان دەست دەکەوێت، ئەمە بە تەواوەتی ئەوەیە کە پێویستمانە. چەک و تەقەمەنی نوێ، بە چەکە وردەکانیشەوە، موشەکی نوێ و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی نوێ. لە کاتی خۆیدایە و بەهێزن."

هەروەها سوپاسی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و یاسادانەرانی ئەمەریکا و " سەرجەم ئەو ئەمەریکییانەی کرد کە سوپاسگوزاری ئازادین، ئەوانەشی کە دەزانن ئازادی شایەنی ئەوەیە بیپارێزیت."

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG