Accessibility links

ماکرۆن بەڵێنی یەکەمین تانکی ڕۆژئاوایی دەدات بە ئۆکرانیا


سەرۆکایەتی فەڕەنسا ڕایگەیاند فەڕەنسا دەبێتە یەکەمین وڵاتی ڕۆژئاوا کە تانکی دروستکراوی ڕۆژئاوا بدات بە ئۆکرانیا، ئەوەش دوابەدوای گفتوگۆکانی نێوان سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن و هاوتا ئۆکرانییەکەی ڤلۆدیمیر زێلێنسکیدا.

بڕیاری پێدانی تانکی دروستکراوی فەڕەنسی ئەی ئێم ئێکس – 10 ئاڕ سی بە ئۆکرانیا کە لە ساڵەکانی هەشتاکانەوە خزمەت دەکات، گۆڕانکارییەکی گرنگ دەبێت لە پشتیوانییەکانی سوپای فەڕەنسادا بۆ ئۆکرانیا.

فەڕەنسا پێشتر سیستمی تۆپهاوێژی پێشکەوتوو و ئوتومبێلی زریپۆش و موشەکی دژە فڕۆکە و سیستمی بەرگری موشەکی داوە بە ئۆکرانیا، بەڵام ماکرۆن دەمێکەیە ئاگاداری دژایەتیکردنی ڕووسیا و پچڕاندنی پەیوەندییە دیبلۆماتییەکانە لەگەڵ ڤلادیمیر پوتندا.

دوابەدوای پەیوەندییە تەلەفونییەکەی نێوان ماکرۆن و زێلێنسکی، یاریدەدەرێکی ماکرۆن کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات بە ڕۆژنامەنووسانی وت " سەرۆک دەیەوێت یارمەتییەکان بۆ ئۆکرانیا زیاتر بکات، ئەوەش لە ڕێی پەسەندکردنی پێدانی تانکی ئەی ئێم ئێکس – 10 ئاڕ سییەوە بە ئۆکرانیا."

وتیشی " ئەمە یەکەمین جارە تانکێکی دروستکراوی ڕۆژئاوایی بدرێت بە هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا."

هاوپەیمانانی ناتۆ قۆنا‌غ بە قۆناغ لە مانگی دووی ساڵی ڕابردووەوە پشتیوانییە سەربازییەکانیان بۆ ئۆکرانیا زیاتر کردووە، سیستمی چەکی ئاڵۆزی پێشکەوتوویان داوە بە ئۆکرانیا و لە هەمان کاتیشدا بە ئاشکرا باسییان لە نیگەرانییەکانیان کردووە سەبارەت بە پەرەسەندنی ململانێکان لەگەڵ مۆسکۆدا.

گواستنەوەی فڕۆکە شەرکەرەکان و موشەکە مەودا درێژەکان و تانکەکان بۆ ئۆکرانیا وەکو کارێکی وروژێنەر بیندراون، دەوترێت ئەو جۆرە کارانە مەترسی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆی ڕۆژئاوا و ڕووسیایان لێدەکەوێتەوە.

هێشتا ڕوون نیە چەند تانک دەدرێت بە ئۆکرانیا، یاخود کەی دەگەیەندرێتە ئۆکرانیا، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی وەکو بەشێک لە ڕێککەوتنەکە مەشق و پاراستنی تانکەکان ڕێککەوتنی لەسەر کراوە.

وەزارەتی بەرگری فەڕەنسا وتی وەزیرانی بەرگری دوو وڵاتەکە بەمزووانە گفتوگۆ دەکەن.

زێلێنسکی سوپاسی ماکرۆنی کرد " لەسەر بڕیاری گواستنەوەی تانکەکان بۆ ئۆکرانیا " و ئوتومبێلە زریپۆشەکانی باستیۆنیش.

زێلێنسکی وتی " سوپاس هاوڕێ! سەرکردایەتییەکەت سەرکەوتنمان نزیکتر دەکاتەوە."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG