وەزیری بەرگری فەڕەنسا ڕۆژی چوارشەممە گەیشتە کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا، مەبەست لە سەردانەکەشی تاوتوێکردنی یارمەتی سەربازیی زیاترە بۆ ئۆکرانیا، جەختیشی لەوە کردەوە پشتیوانییەکانی فەڕەنسا بۆ ئۆکرانیا جێگیرە.
وەزیری بەرگری فەڕەنسا سیباستیان لیکۆرنو دوای گەشتەکەی بۆ پۆڵەندا سەردانی ئۆکرانیای کرد، لە سەردانەکەیدا بۆ پۆڵەندا گرێبەستێکی ڕاگەیاند کە تیایدا فەڕەنسا دوو مانگی دەستکردنی سەربازیی دەفرۆشێت بەو وڵاتە.
لیکۆرنو وتی یارمەتییەکانی فەڕەنسا بریتی دەبن لە پێدانی کەلوپەلی سەربازی فەڕەنسی و 200 ملیۆن یۆرۆ کە ئەوەش ڕێگە بە ئۆکرانیا دەدات بتوانێت چەک بکڕێت.
لە کاتێکدا فەڕەنسا کەمتر لە ئەمەریکا و بەڕیتانیا بە قسەکردن پشتیوانی خۆی بۆ ئۆکرانیا دەربڕیوە، وڵاتەکە لە سەرەتای جەنگەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا تاوەکو ئێستا بەردەوام چەکی داوە بە ئۆکرانیا.
فەڕەنسا لەم مانگەدا میوانداری دوو کۆنفرانسی کرد بۆ کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ ئۆکرانیا، بەڵام زۆرێک لە ئۆکرانییەکان گومانیان هەیە لە وەڵامدانەوەی فەڕەنسا بۆ جەنگەکە، ئەوەش بەهۆی هەوڵەکانی سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆنەوە بۆ هێشتنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن و هەوڵدان بۆ چارەسەرێک لە ڕێی گفتوگۆکردنەوە.
لیکۆرنو وتی فەڕەنسا کەلوپەلی سەربازی لە سوپای فەڕەنساوە دەدات بە سوپای ئۆکرانیا، بەڵام جەختی لەوە کردەوە ئەمە بەرگری فەڕەنسا لاواز ناکات. بەرپرسان دەڵێن فەڕەنسا دەتوانێت لە داهاتوودا سیستمێکی بەرگری ئاسمانی نوێ بدات بە ئۆکرانیا، بەڵام هیچ وردەکارییەکیان سەبارەت بەو بابەتە ئاشکرا نەکرد. ئەمەش سەرەڕای ئەوەی وەزیری بەرگری ئۆکرانیا ئۆلێکسی ڕێزنیکۆڤ ئاماژەی بەوەدا فەڕەنسا دەستبەجێ مەشق بە سەربازەکانی هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا دەکات لەسەر چۆنێتی بەکارهێنانی ئەو سیستمانە.
لیکۆرنو و ڕێزنیکۆڤ ئاماژەیان بەوە نەدا لە داهاتوویەکی نزیکدا فەڕەنسا چی جۆرە سیستمێکی بەرگری دەدات بە ئۆکرانیا، بەڵام لیکۆرنو دواتر ئاماژەی بە سیستمی دژە موشەکی مامبایدا کە فەڕەنسا و ئیتاڵیا پێکەوە دروستییان کردووە، وتی ئەو سیستمە هاوشێوەی سیستمی بەرگری ئاسمانی پاتریۆتە کە ئەمەریکا داوییەتی بە ئۆکرانیا.
ئۆفیسی لیکۆرنو بە دەزگای هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێسی وت، بە پێچەوانەی ئەمەریکاوە، کە وتی سیستمەکە دەدات بە ئۆکرانیا و دواتر مەشقییان پێدەکات لەسەر چۆنێتی بەکارهێنانی، فەڕەنسا سەرەتا مەشق بە سەربازە ئۆکرانییەکان دەکات بۆ ئەوەی بتوانێت دواتر سیستمەکەیان بداتێ، سیستمەکەش ڕەنگە سیستمی مامبا بێت.
ڕێزنیکۆڤ وتی " ئەو پێداویستییە سەرەکییانەی کە ئۆکرانیا دەیەوێت سیستمی بەرگری ئاسمانی و سیستمی دژە موشەک و سیستمی دژە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانن، ئەوەش ئەرکی پاراستنی ئاسمانی ئۆکرانیایە." وتیشی " سیستمی بەرگری ئاسمانی کرۆتاڵی فەڕەنسی ئێستا لە ئۆکرانیا لە کارکردندایە."
وتیشی " بەپێی ئەوەش، ڕێککەوتین لەسەر زیادکردنی تواناکانی هێزی بەرگری ئاسمانیمان."
سەرچاوە/ AP
وەزیری بەرگری فەڕەنسا سەردانی ئۆکرانیا دەکات
