Accessibility links

ڕووسیا گۆڕانکاری گەورە لە سوپاکەیدا دەکات


وەزیری بەرگری ڕووسیا سێرگێی شوێگۆ

ڕووسیا دەڵێت لە 2023 ەوە بۆ 2025 " گۆڕانکاری گەورە " لە هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەدا دەکات، بەڵێنیشیدا پێکهاتە سەربازییەکەی بگۆڕێت، ئەمەش دوای چەند مانگێک لە شکستی هێزەکانی ڕووسیا لە گۆڕەپانی جەنگەکەدا لە ئۆکرانیا.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی لەگەڵ ئەو چاکسازییانەدا کە لە بەڕێوبەرایەتی سوپادا دەکرێن، تواناکانی هێزی دەریایی و ئاسمانی و موشەکە ستراتیژییەکانی پتەوتر دەکات.

وەزیری بەرگری ڕووسیا سێرگێی شوێگۆ وتی " تەنها لە ڕێی پتەوکردنی بەشە سەرەکییەکانی هێزە چەکدارەکانەوە دەتوانین گرەنتی ئاسایشی سەربازیی وڵاتەکە و پاراستنی لایەن و دامەزراوە هەستیارەکانی فیدراسیۆنی ڕووسیا بدەین."

وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ وتی گۆڕانکارییەکان پێویستن، ئەوەش بەهۆی " جەنگە بریکارییەکەی " ناو ئۆکرانیاوە کە لەلایەن ڕۆژئاواوە ئەنجام دەدرێت، کە بەردەوام بە شێوەیەکی بەرچاو چەکی قورس دەدەن بە ئۆکرانیا بۆ یارمەتیدانی لە ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی ڕووسیادا.

لە مانگی دوانزەدا وەزارەتی بەرگری ڕووسیا بەڵێنیدا ژمارەی سەربازەکانی بۆ 1.5 ملیۆن سەرباز زیاد بکات. وەزارەتەکە لە ناوخۆی ڕووسیادا ڕەخنەی توندی لێگیراوە لەسەر ئەوەی نەیتوانیوە بە شێوەیەکی کاریگەر کۆنتڕۆڵی خاکێکی زۆری ئۆکرانیا بکات.

لە یانزە مانگی داگیرکارییەکەیدا لە ئۆکرانیا، وەزارەتی بەرگری ڕووسیا گۆڕانکارییەکی ئێجگار زۆری لە سەرکردایەتی سوپای ڕووسیادا کردووە. ڕووسیا لە سەرەتای جەنگەکەدا خاکێکی بەرفراوانی لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کۆنتڕۆڵ کرد، بەڵام لەو کاتەوە ڕووبەڕووی کۆمەڵێک شکست و کشانەوە بووەتەوە.

هەفتەی ڕابردوو شوێگۆ جەنەراڵ ڤالێری گیراسیمۆڤی دەستنیشان کرد بۆ سەرپەرشتیکردنی جەنگەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا. گیراسیمۆڤ سەرۆک ئەرکانی سوپای ڕووسیایە.

ڕۆژی هەینی وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕایگەیاند هێزەکانی ڕووسیا کۆنتڕۆڵی شارۆچکەی سۆڵیداری هەرێمی دۆنێتسکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیایان کردووە، کە بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک ڕووبەڕووی هێرشەکانی ڕووسیا بووەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG