Accessibility links

وەزیری ناوخۆی ئۆکرانیا لە ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرێکدا گیانی لە دەستدەدات


وەزیری ناوخۆی ئۆکرانیا دێنیس مۆناسترسکی
وەزیری ناوخۆی ئۆکرانیا دێنیس مۆناسترسکی

وەزیری ناوخۆی ئۆکرانیا لە نێو ئەو کەسانەدا بوو کە ڕۆژی چوارشەممە لە ڕووداوی کەوتنە خوارەوەی هەلیکۆپتەرێکدا لە نزیک داینگەیەک لە دەرەوەی کیێڤ گیانیان لەدەستدا. هاوپەیمانانی ئۆکرانیا دڵگرانی خۆیان بۆ ئەم ڕووداوە نیشان دەدەن.

بەرپرسان لەسەرەتادا ڕایانگەیاند کە 18 کەس گیانیان لەدەستداوە بەڵام دواتر پێداچوونەوەیان بە ژمارەکەدا کردەوە و گوتیان 16 کەسن کە یەکێک لە جێگرەکانی وەزیر و سێ منداڵیشیان تێدایە.

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرەکەی بە "کارەساتێکی ترسناک" وەسفکرد، کە لە ڕێگەدا بووە بەرەو هێڵی پێشەوە لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە لە کیێڤەوە هیچ لێدوانێک نەدراوە لەسەر ئەوەی هێزەکانی ڕووسیا دەستیان هەبووبێت لە خستنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرەکە و لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکەی دەستیپێکردووە.

وەزیری ناوخۆی ئۆکرانیا دێنیس مۆناسترسکی بەرپرسی پۆلیس و ئاسایشی ناوخۆی ئۆکرانیا بووە، لە سەرەتای جەنگەکەوە ئەمە یەکەمین بەرپرسی باڵای ئۆکرانیایە بەهۆی ڕووداوێکەوە گیان لە دەست بدات.

سەرۆکی پۆلیسی نیشتیمانی ئۆکرانیا ئیهۆر کلیمینکۆ وتی مۆناستریسکی لەگەڵ جێگرەکەی و بەرپرسانی باڵای وەزارەتەکەدا گیانیان لە دەستداوە.

هەروهها گوتیشی لەو ڕووداوەدا 30 کەس لە ناویاندا 12 منداڵیش بریندار بوون و لە نەخۆشخانەن.

جێگری بەرپرسی ئۆفیسی سەرۆکایەتی ئۆکرانیا کیریلۆ تیمۆشینکۆ وتی " زانیارییەکان سەبارەت بە هەلومەرجەکە و قوربانییەکان ئاشکرا دەکەین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG