Accessibility links

ڕووسیا دەڵێت لە ساڵی 2023 دا سەنگ دەخاتە سەر بونیادنانی ژێرخانی چەکی ئەتۆمی


وەزیری بەرگری ڕووسیا سێرگێی شوێگۆ
وەزیری بەرگری ڕووسیا سێرگێی شوێگۆ

وەزیری بەرگری ڕووسیا سێرگێی شوێگۆ دەڵیت ڕووسیا لە ساڵی 2023 دا گرنگییەکی تایبەت دەدات بە بونیادنانی ژێرخانی هێزە ئەتۆمییەکەی.

شوێگۆ وتی ڕووسیا کار لەسەر باشکردنی توانای شەڕی هێزە موشەکییەکانیشی دەکات و کۆمەڵێک دامەزراوە دروست کراون بۆ دروستکردنی سیستمی موشەکی نوێ. ڕووسیا زۆرترین چەکی ئەتۆمی هەیە لە جیهاندا، نزیکەی 6000 کڵاوەی ئەتۆمی هەیە.

سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن ئەو ناوچانەی کە ڕووسیا داگیریکردوون لە ئۆکرانیا لە ژێر چەتری چەکی ئەتۆمیدا دایناون، هۆشداری داوە لەسەر ئەوەی ئامادەیە لە ڕێی سەرجەم ئەو ئامڕازانەوە کە لە بەردەستدان بەرگری لە " سەروەری خاکی ڕووسیا " بکات. ئەمەریکاش دەڵێت هۆشداری داوەتە ڕووسیا لەسەر دەرەنجامی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی.

بڕیار بوو لەم هەفتەیەدا ئەمەریکا و ڕووسیا لە قاهیرە گفتوگۆ لەسەر پەیماننامەی نوێی ستارت بکەن، کە سنوورێک دادەنێت بۆ ژمارەی ئەو کڵاوە ئەتۆمییانەی کە دوو وڵاتەکە دەتوانن جێگیرییان بکەن.

بەڵام پێش کۆبوونەوەکە ڕووسیا ڕەتی کردەوە بەشدار بێت، ئەمەریکای بە تۆمەتی ڕەفتارێکی دژە ڕووسیا تۆمەتبار کرد و وتی هەوڵ دەدات پەیماننامەکە بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاربهێنێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG