Accessibility links

ئەمەریکا: هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ژێرخانی ئۆکرانیا ڕۆژئاوا دابەش ناکات


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن، بوخارێست
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن، بوخارێست

ئەمەریکا دەڵێت هێرشەکانی ڕووسیا بە درێژایی هەفتەکە بۆ سەر ژێرخانەکانی گەرمی و کارەبا و ئاوی ئۆکرانیا سووربوونی ڕۆژئاوا لەسەر پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا دانامرکێنێتەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن دوابەدوای کۆبوونەوە دوو ڕۆژییەکەی هاوپەیمانێتی ناتۆ لە بوخارێستی ڕۆمانیا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن سەنگی خستۆتە سەر " ئاگر و توڕەیی " دژی دانیشتوانی مەدەنی ئۆکرانیا، لە کاتێکدا کە وەرزی سەختی زستان بەڕێوەیە.

بلینکن وتی " گەرمی و ئاو و کارەبا ئامانجی نوێی سەرۆک پوتنن. بە توندی لێیان دەدات. ئەم خراپ مامەڵەکردنە لەگەڵ گەلی ئۆکرانیادا کارێکی دڕندانەیە."

بلینکن پوتنی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ دابەشکردنی هاوپەیمانێتی ڕۆژئاوا کە پشتیوانی لە ئۆکرانیا دەکەن، لە کاتێکدا نرخەکانی وزە لە جیهاندا بەرز دەبنەوە و ئۆکرانیاش بە بەردەوامی ڕووبەڕووی پچڕانی هێڵەکانی کارەبا دەبێتەوە.

بلینکن وتی " ئەم ستراتیژییە سوودی نیە و سوودیشی نابێت. بەردەوام دەبین لە سەلماندنی ئەوەی کە ئەو هەڵەیە. من ئەمەم بە ڕوونی و ئاشکرا بیست لە سەرجەم ئەو وڵاتانەی کە لێرە بوون لە بوخارێست."

هاوکات سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئۆرسولا ڤۆن دێر لین داوای دادگایەکی تایبەتی کرد بۆ دادگاییکردنی تاوانەکانی ڕووسیا دژ بە ئۆکرانیا.

ڤۆن دێر لین پێشنیاری دادگاکەی کردووە و لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پشتیوانی لێدەکرێت، مەبەست لە دادگاکەش " لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنی تاوانەکانی ڕووسیایە."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG