Accessibility links

داوا لە ئێران دەکرێت ئەو ڕۆژنامەنووسە ئازاد بکات کە هەواڵی ژەهراویبوونی خوێندکارەکانی ڕووماڵ کرد


ڕێکخراوی ڕۆژنامەنووسانی بێ سنوور داوایان لە ئێران کرد ئەو ڕۆژنامەنووسە ئازاد بکات کە دوای ئەوەی لە نزیکەوە ڕووماڵی ژەهراویبوونی خوێندکارە کچەکانی کرد دەستگیرکرا، وتی دەستبەسەرکردنەکە وادیارە هەوڵێک بووبێت بۆ بێدەنگ کردنی.

بەپێی بەرپرسان، ژەهراویکردنەکە کە لە مانگی یانزەوە دەستیپێکردووە، کاریگەری لەسەر زیاتر لە 5000 خوێندکار هەبووە کە زۆربەیان کچن.

ڕێکخراوە مرۆییەکانی دەرەوەی ئێران بەرپرسانی ئەو وڵاتەیان تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی ئەوەی شکستیان هێناوە لە پاراستنی خوێندنی کچاندا و ڕۆژی دووشەممە و سێشەممەش لەبەردەم وەزارەتی خوێندنی ئێراندا خۆپیشاندان بەڕێوەچوون.

ڕۆژی دووشەممە ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی وتی ژەهراویکردنی خوێندکارەکان " تاوانێکە لێخۆشبوونی نیە " تاوانکاران دەبێت " توندترین سزا بدرێن."

ڕێکخرانی ڕۆژنامەنووسانی بێ سنوور وتی عەلی پوورتەبەتەبەیی بە زوویی دوای دەرکەوتنی یەکەمین حاڵەتەکانی ژەهراویبوونی خوێندکارەکان لە کۆتایی مانگی یانزەدا لە شاری قوم ڕووماڵی بابەتەکەی کرد بۆ ماڵپەڕی هەواڵی قوم، کاتێکیش لە 5 ی مانگی سێدا دەستگیرکرا هێشتا کاری لەسەر ئەو بابەتە دەکرد.

وتیشی توانیویەتی پەیوەندی بە خوشکەکەیەوە بکات و پێی بڵێت دەستگیرکراوە، بەڵام هێشتا نەزاندراوە لە کوێ دەستبەسەرکراوە.

پورتەبەتەبەیی ڕەخنەی لەوە گرتووە کاتێک یەکەمین حاڵەتەکانی ژەهراویبوون لە قوم دەرکەوتوون بەرپرسانی شارەکە هیچ کاردانەوەیەکییان نەبووە.

ژەهراویکردنەکان گرژییەکانی ناو ئێرانی زیاتر کرد، لە دوای خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکەی ئەو وڵاتەوە کە بەهۆی مەرگی ژینا ئەمینییەوە کە لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکاردا گیانی لە دەستدا سەرییان هەڵدا.

لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانەوە، ئێران دوو ڕۆژنامەنووسی ژنی دەستگیرکردووە، نیلوفار حەمیدی و ئیلاهیە موحەمەدی، کە یارمەتیدەر بوون لە ئاشکراکردنی دۆسیەکەی ئەمینیدا.

بەرپرسی لقی ڕێکخراوی ڕۆژنامەنووسانی بێ سنوور لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جۆناثان داگەر وتی " وەکو چۆن پێشتر ئەم کارەیان دژی ئەو ڕۆژنامەنووسانە کرد کە دۆسییەکەی ژینا ئەمینییان ئاشکرا کرد، بەرپرسانی ئێران هەوڵی بێدەنگ کردنی ئەو کەسانە دەدەن کە لێکۆڵینەوە دەکەن و ئەو بابەتانەی دیکە بڵاو دەکەنەوە کە دەبنە شەرمەزاریی بۆ حکومەت."

وتیشی لە ئێستادا نزیکەی 30 ڕۆژنامەنووس و کارمەندانی دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە ئێران دەستبەسەرکراون. زۆربەیان لە ماوەی سەرکوتکارییەکاندا دژی خۆپیشاندانەکان دەستگیرکراون.

وتیشی " دەبێت عەلی پورتەبەتەبەیی بەبێ مەرج ئازاد بکرێت."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG