Accessibility links

بەهۆی نەخۆشکەوتنی کچە خوێندکارێکەوە، لە ئێران خۆپیشاندان دەکرێت


بەپێی دەزگاکانی هەواڵی ئێران و ڤیدیۆکانی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ڕۆژی شەممە دایکان و باوکانی ئەو کچە خوێندکارەی کە گومانی ئەوەیان لێدەکرێت لە قوتابخانەکانیاندا ژەهراویبووبێتن، لە تارانی پایتەخت و چەندین شاری دیکەی ئێران خۆپیشاندانییان ئەنجامدا.

لەم چەند مانگەی ڕابردوودا نەخۆشییەکە کاری کردۆتە سەر سەدان کەس لە کچە قوتابییەکان. بەرپرسانی ئێران باوەڕییان وایە کچەکان ڕەنگە ژەهراوی کرابێتن و بەرپرسیارێتییەکەی خستە ئەستۆی " دوژمنانی " ئێران.

وەزیری ناوخۆی ئێران وتی " نموونەی گوماناوییمان " دۆزیوەتەوە و شیکارییان بۆ دەکرێت.

وەزیری ناوخۆی ئێران عەبدولڕەزا ڕەحمانی فازڵی لە بەیاننامەیەکدا کە دەزگای هەواڵی ئیرنا بڵاویکردۆتەوە دەڵێت " نموونەی گوماناوییمان دۆزیوەتەوە و لێکۆڵینەوەیان لێدەکرێت تاوەکو بزانرێت هۆکاری ' نەخۆشکەوتنی ' خوێندکارەکان چییە، ئەنجامەکانیش بە زووترین کات ئاشکرا دەکرێن."

ڕۆژی شەممە نەخۆشییەکە کاری کردۆتە سەر زیاتر لە 30 قوتابخانەی لانیکەم 10 هەرێمی ئێران. ڤیدیۆکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پیشانی دەدەن دایکان و باوکانی خوێندکارەکان لە قوتابخانەکاندا کۆبوونەتەوە بۆ ئەوەی منداڵەکانیان ببەنەوە بۆ ماڵەوە، هەندێک لە خوێندکارەکانیش بە پاس یاخود ئوتومبێلی فریاکەوتنی خێراوە دەگوازرانەوە بۆ نەخۆشخانەکان.

بەپێی ڤیدیۆیەک کە لەلایەن ڕۆیتەرزەوە پشتڕاست کراوەتەوە، گردبوونەوەی دایکان و باوکان لەبەردەم وەزارەتی خوێندندا لە ڕۆژئاوای تاران بۆ ناڕەزایی دەربڕین دژی نەخۆشکەوتنی خوێندکارەکان گۆڕا بۆ خۆپیشاندانی دژ بە حکومەت.

خۆپیشاندەران هاوارییان دەکرد " باسیج، پاسداران، ئێوە داعشی ئێمەن." خۆپیشاندەران سوپای پاسدارانی ئێران و هێزە ئاسایشییەکانی دیکەیان وەکو هاوشێوەی داعش ناوبرد.

بەپێی چەندین ڤیدیۆی دیکە کە پشتڕاست نەکراونەتەوە، خۆپیشاندانی دیکەی هاوشێوە لە دوو ناوچەی تری تاران و شارەکانی دیکەی وەکو ئەسفەهان و ڕەشت بەڕێوەچوون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG