Accessibility links

لە قامشلۆ ژەهراوی کردنی خوێندکارانی ئێران شەرمەزار دەکرێت


کۆمیتەی شلێر بۆ چاودێری کردنی ڕەوشی منداڵان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەمڕۆ سێشەممە قامشلۆ لە ڕاگەیاندنێکدا ژەهراویکردنی قوتابیانی لە ئێران شەرمەزار کرد.

کۆمیتەی شلێرلە ڕاگەیاندنەکەیدا دەڵێت پێویستە کردارەکانی ڕژێمی ئێران دژ بە ژنان ڕاوەستێنرێن و باس لە هۆکارەکانی بە ئامانجگرتنی خوێندنگاکانی کچان دەکات و دەڵێت چونکە " ئەو سەرهەڵدانەی لە ژێر ناوی ژن، ژیان ئازادی دروستبووە، دەوڵەتی ئێران بە مەترسییەکی گەورە بۆسەر خۆی دەیبینێت."

لەلایەکی ترەوە جولیا خەلۆ بەڕێوەبەری کۆمیتەی شلێر بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند بە پێی بەدواداچوونەکانی ئەوان هەتا ئێستا 700 کچە خوێندکار لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە ژەهراوی کراون.

بەڕێز خەلۆ داوای لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش کرد ڕێگە بگرم لەم پێشێلکارییانەی ڕژێمی ئێران. ئەو گوتیشی " وەکو ژنێکی کورد ئێمە دەبینین ڕۆژانە ژن دەکوژرێن، هەم لە ئێران و تەنانەت لە تەواوی جیهانیش. ئێمە دەڵێین ئیتر بەسەر ژن تاکەی بکوژرێن. بە پێی ئامارەکان دەرکەوتووە هەر یەک خولەک جارێک ژنێک دەکوژرێت لە جیهاندا."

بەپێی ئاژانسە هەواڵییە فەرمییەکەی ئێران و بەرپرسانی دەوڵەت و تەندروستی وڵاتەکە، لە مانگی یانزەوە زیاتر لە هەزار کچی ئێرانی لە قوتابخانە جیاوازەکانی وڵاتەکەوە ڕووبەڕووی هێرشی " ژەهراویکردنێکی سووک " بوونەتەوە، هەندێک لە سیاسییەکان دەڵێن ڕەنگە لەلایەن ئەو گروپە توندڕەوانەوە کرابێتنە ئامانج کە دژایەتی خوێندنی کچان دەکەن.

بڵاوبوونەوەی هێرشەکان کە لە مانگی یانزەدا لە شاری قومی ناوەڕاستی ئێران دەستیپێکرد تاوەکو ئێستا بە لانیکەم 25 هەرێمی وڵاتەکەدا بڵاوبۆتەوە، ئەوەش هەندێک لە دایکان و باوکانی ناچار کردووە منداڵەکانیان لە قوتابخانەکان بهێننە دەرەوە و خۆپیشاندان دژی حکومەت ئەنجام بدەن.

ڕێکخراوی مافەکانی ژن و منداڵان، ڕژێمی ئێران بە ژەهراویکردنی خوێندکارەکان تۆمەتبار دەکەن.

بەشێک لە زانیارییەکانی ئەم ڕاپۆرتە لە ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرز وەرگیراوە.

XS
SM
MD
LG