Accessibility links

ئەمەریکا دەڵێت گروپی واگنەری ڕووسی چەکی لە کۆریای باکوورەوە کڕیوە بۆ جەنگەکەی ئۆکرانیا


بارەگای گروپی واگنەر لە سەینت پیتەرسبێرگ
بارەگای گروپی واگنەر لە سەینت پیتەرسبێرگ

کۆشکی سپی دەڵێت کۆمپانیای تایبەتی سەربازیی ڕووسی گروپی واگنەر بارێکی چەکی لە کۆریای باکوورەوە بە دەست گەیشتووە بۆ یارمەتیدانی هێزەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، ئەوەش وەکو ئاماژەیەک لەسەر فراوانتربوونی ڕۆڵی گروپەکە لە جەنگەکەدا.

خاوەندی گروپی واگنەر یەڤگینی پریگۆژین ئەوەی ڕەت کردەوە و وتی تەنها " قسە و باسە."

وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جۆن کیربی وتی واگنەر بە سەرانسەری جیهاندا دەگەڕێت بۆ دابینکردنی چەک بۆ پشتیوانیکردن لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا.

کیربی بە ڕۆژنامەنووسانی وت " دەتوانین ئەوە پشتڕاست بکەینەوە کە کۆریای باکوور یەکەم باری چەکی ڕەوانەی واگنەر کردووە، واگنەریش پارەکەی داوە. مانگی ڕابردوو کۆریای باکوور موشەک و ڕۆکێتی ڕەوانەی ڕووسیا کرد بۆ بەکارهێنانیان لەلایەن واگنەرەوە."

هەواڵەکە سەرەتا لەلایەن ڕۆیتەرزەوە بڵاوکرایەوە. گروپی واگنەر لە ساڵی 2014 دا دامەزرا دوای ئەوەی ڕووسیا دەستیگرت بەسەر نیمچە دورگەی کرایمیای ئۆکرانیادا و لکاندی بە ڕووسیاوە، جیاخوازەکانی ئۆکرانیاش لە هەمان ساڵدا کۆنتڕۆڵی کۆمەڵێک ناوچەی هەرێمی دۆنباسی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیایان کرد.

کیربی وتی بە خەمڵاندنی ئەمەریکا گروپی واگنەر 50,000 سەربازی ڕەوانەی ئۆکرانیا کراون، 100,000 بەڵێندەر و 40,000 تاوانبار کە لە زیندانەکانی ڕووسیاوە هێندراون ڕەوانەی ئۆکرانیا کراون.

پریگۆژین کە هاوپەیمانێکی نزیکی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتنە، لە بەیاننامەیەکدا وتی " هەمووان دەزانن ماوەیەکی زۆرە کۆریای باکوور هیچ چەکێکی نەداوە بە ڕووسیا. هیچ هەوڵێکی لەو جۆرەش نەدراوە."

وتی " لەبەر ئەوە وەرگرتنی چەک لە کۆریای باکوورەوە هیچ نیە جگە لە قسە و باسێک نەبێت."

ئەمەریکا دەڵێت ئەو بڕە چەک و کەلوپەلەی لەلایەن کۆریای باکوورەوە دابینکراون کاریگەرییان لەسەر گۆڕەپانی جەنگەکە نابێت، بەڵام پێشبینی دەکرێت کەلوپەلی سەربازیی زیاتر لە کۆریای باکوورەوە ڕەوانە بکرێن.

لە مانگی یانزەدا کۆشکی سپی وتی پیۆنگیانگ بە نهێنی ژمارەیەکی " زۆر " لە گولەی تۆپهاوێژ دەدات بە ڕووسیا، کۆریای باکوور وتی هەرگیز مامەڵەی چەکی لەگەڵ ڕووسیادا نەبووە و پلانیشی نیە ئەو کارە بکات.

باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لیندا تۆماس گرینفیڵد وتی ئەمەریکا پیۆنگیانگ و مۆسکۆ تۆمەتبار دەکات بە تۆمەتی پێشێلکردنی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر کۆریای باکوور و زانیارییەکانیشی دەدات بە لیژنەی سزاکانی کۆریای باکوور لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان.

کیربی وتی پوتن لە جەنگەکەیدا لە ئۆکرانیا بە شێوەیەکی بەرچاو پەنای بردۆتەبەر گروپی واگنەر بۆ یارمەتیدانی، یەکێتی ئەوروپاش سزای بەسەر ئەو گروپەدا سەپاندووە و تۆمەتباری کردووە بە تۆمەتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە نهێنییەکان لە جیاتی کرێملن.

پوتن وتوویەتی گروپەکە نوێنەرایەتی ڕووسیا ناکەن، بەڵام بەڵێندەرە سەربازییە تایبەتەکان مافی ئەوەیان هەیە لە هەر کوێیەک بیانەوێت لە جیهاندا کاربکەن ئەگەر یاسای ڕووسیا پێشێل نەکەن.

ڕۆژی چوارشەممە بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن سزای نوێی سەپاند بەسەر گروپی واگنەردا، لەوانەش قەدەغەکردنی هەناردەکردنی تەکنەلۆجیا بۆ گروپی واگنەر. کیربی وتی لە هەفتەکانی داهاتوودا سزای زیاتر دەسەپێندرێن بەسەر گروپەکە و ئەو لایەنانەشی کە لە وڵاتانی سەرانسەری جیهانەوە پشتیوانی لێدەکەن.

کیربی وتی پریگۆژین مانگانە زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلار خەرج دەکات بۆ پشتیوانیکردن لە ئۆپەراسیۆنەکانی واگنەر لە ئۆکرانیا، بەڵام ڕووبەڕووی کێشەی کۆکردنەوەی سەرباز بووەتەوە.

گروپی واگنەر پێکهاتوون لە سەربازانی پێشووتری هێزە چەکدارەکانی ڕووسیا، لە لیبیا و سوریا و کۆماری ناوەڕاستی ئەفریکا و مالی و کۆمەڵێک وڵاتی دیکە شەڕییان کردووە.

کیربی وتی هەواڵگری ئەمەریکا ئاماژە بەوە دەدات گروپی واگنەر ڕۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە شەڕی شاری باخموتی ئۆکرانیادا و ڕووبەڕووی زیانێکی گەورەی گیانی بۆتەوە، نزیکەی 1000 چەکداری واگنەر لەم هەفتانەی ڕابردوودا کوژراون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG