Accessibility links

پوتن دەڵێت ڕووسیا ناتوانێت توانا ئەتۆمییەکانی ناتۆ پشتگوێ بخات


سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن
سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن

سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت ڕووسیا بەشداریکردنی لە پەیماننامەی نیو ستارتی کۆنتڕۆڵکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمیدا هەڵوەشاندەوە نەک تەنها بەهۆی توانا ئەتۆمییەکانی ئەمەریکاوە بەڵکو بەهۆی توانا ئەتۆمییەکانی وڵاتانی دیکەی ناتۆشەوە.

هاوکات پوتن دووبارە ئاماژەی بەوەدایەوە ڕووسیا ڕووبەڕووی هەڕەشەیەک لەسەر بوونی بۆتەوە، چونکە بە بۆچوونی پوتن ئەندامانی هاوپەیمانێتی ناتۆ هەوڵ دەدەن " شکستێکی ستراتیژی " بەسەر ڕووسیادا بهێنن.


ڕۆژی سێشەممە پوتن ڕایگەیاند ڕووسیا بەشداریکردنی لە پەیماننامەی نیو ستارت هەڵدەوەشێنێتەوە، کە لە ساڵی 2010 دا لەگەڵ ئەمەریکادا واژۆی کرد و سنوورێک بۆ بڵاوبوونەوەی كڵاوەی ئەتۆمی و موشەکە ستراتیژییەکان دادەنێت. پوتن لە چاوپێکەوتنەکەدا وتی ڕاگەیاندنەکەی لە پێویستییەکان بۆ " دڵنیا بوونەوە لە سەقامگیری ئاسایش و ستراتیژی " ڕووسیاوە سەرچاوەی گرتووە.

وتی " کاتێک سەرجەم وڵاتە سەرەکییەکانی ناتۆ ئامانجی خۆیان ڕاگەیاند بۆ ئەوەی شکستێکی ستراتیژی بەسەرماندا بهێنن، ئێمە چۆن دەتوانین لەم هەلومەرجانەدا توانا ئەتۆمییەکانی ئەوان پشتگوێ بخەین؟"

ساڵێک لەمەوبەر پوتن وتی ئامانج لە داگیرکردنی ئۆکرانیا کەمکردنەوەی " هەڕەشەکانی سەر ئاسایشی ڕووسیایە." لە ماوەی جەنگەکەدا، پوتن هەندێک جار ئاماژەی بەوەداوە ئەو هەڕەشانە ڕەنگە ببنە بیانوو بۆ بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لە ئۆکرانیادا.

سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی بەشداری ڕووسیا لە پەیماننامەکەدا، پوتن وتی ڕووسیا ناتوانێت ڕێگە بە ئەمەریکییەکان بدات کارخانە ئەتۆمییەکانی بپشکنن لە کاتێکدا کە " ئەمەریکا و وڵاتانی ناتۆ هەوڵی شکستی ڕووسیا دەدەن لە ئۆکرانیادا."

پوتن جەختی لەوە کردەوە مۆسکۆ لە پەیماننامەکە نەکشاوەتەوە، وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیاش وتی وڵاتەکە پابەندی کۆتوبەندەکانی پەیماننامەکە دەبێت لەسەر چەکە ئەتۆمییەکان و بەردەوام ئەمەریکاش سەبارەت بە تاقیکردنەوەی موشەکییە باڵیستیکییەکان ئاگادار دەکاتەوە.

پوتن لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕووسیا 1، وتی لە کاتێکدا کە وڵاتانی ناتۆ بەشدار نین لە پەیماننامەی نیو ستارتدا، بەشدارییان لە " گفتوگۆکان لەسەر بابەتەکە " کردووە.

پوتن دەڵێت گوایە ڕۆژئاوا دەیەوێت ڕووسیا لە ناوببات، ئەم قسەیەش بەردەوام بەکارهێندراوە بۆ بیانوو هێنانەوە بۆ داگیرکارییەکەی مۆسکۆ لە ئۆکرانیادا، پوتن وتی " ئەوان یەک ئامانجییان هەیە: هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو و بەشە بنچینەییەکەی – فیدراسیۆنی ڕووسیا."

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG