Accessibility links

ڕووسیا پەیماننامەی کۆنتڕۆڵکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمەریکادا هەڵدەوەشێنێتەوە


ڕووسیا لە ماوەی ڕابردوودا پەیماننامەی سنووردارکردنی چەکی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمەریکادا هەڵوەشاندەوە، بەڵام بەرپرسێکی باڵای بەرگری ڕووسیا دەڵێت مۆسکۆ پابەندی یاساکانی پەیماننامەکە دەبێت لەسەر سنووری موشەکە ئەتۆمییەکان و بەردەوام گۆڕانکارییەکان لە پێشهاتەکاندا بە ئەمەریکا ڕادەگەیەنێت.

هەردوو پەرلەمانەکەی ڕووسیا بەپەلە دەنگیاندا لە بەرژەوەندی هەڵوەشاندنەوەی بەشداری مۆسکۆ لە پەیماننامەی نیو ستارتدا، ئەوەش دوای ئەوەی ڕۆژی سێشەممە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن بڕیارەکەی ڕاگەیاند کاتێک ڕۆژئاوای تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ ئەوەی " شکستێکی ستراتیژی " بەسەر ڕووسیادا بهێنن لە ئۆکرانیادا.

بەڵام بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگری ڕووسیا، جەنەڕاڵی یەڤگینی ئیلین بە پەرلەمانی دومای ڕووسیای وت مۆسکۆ بەردەوام دەبێت لە چاودێریکردنی ئەو کۆتوبەندانەی لەگەڵ ئەمەریکادا لەسەرییان ڕێککەوتوون و خراونەتە سەر بڵاوکردنەوەی سیستمە ئەتۆمییەکان، بە موشەک و فڕۆکە بۆمبڕێژە ستراتیژییەکانیشەوە.

دەزگای هەواڵی ئاڕ ئای ئەی لە زاری ئیلینەوە بڵاویکردەوە مۆسکۆ بەردەوام دەبێت لە پێدانی زانیاری سەبارەت بە پەرەسەندنەکان لە چەکی ئەتۆمی ڕووسیادا، ئەوەش لە پێناو " خۆبەدوورگرتن لە کاردانەوەی هەڵە، کە گرنگە بۆ پاراستنی جێگیری ستراتیژی."

جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی ڕیابکۆڤ وتی " باوەڕم بەوە نیە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەی نیو ستارت لە جەنگی ئەتۆمیمان نزیک بکاتەوە."

دوای ئەوەی ڕووسیا داگیرکارییەکەی لە ئۆکرانیا دەستپێکرد، پوتن چەندین جار باسی لە جبەخانە ئەتۆمییەکەی ڕووسیا کردووە و وتوویەتی چەکە ئەتۆمییەکانی بەکاردەهێنێت ئەگەر " سەروەری خاکی وڵاتەکەی " بکەوێتە مەترسییەوە.

پەیماننامەی نیو ستارت کە لە ساڵی 2010 دا لە نێوان ئەمەریکا و ڕووسیادا واژۆ کرا، سنوورێک دادەنێت بۆ بڵاوکردنەوەی کڵاوە ئەتۆمییەکانی ئەمەریکا و ڕووسیا، بەپێی پەیماننامەکە هەریەک لە دوو وڵاتەکە دەتوانن تاوەکو 1550 کڵاوەی ئەتۆمی بڵاوبکەنەوە، دەشتوانن تاوەکو 700 موشەک و فڕۆکەی بۆمبڕێژی ستراتیژی بڵاوبکەنەوە. ڕووسیا دەڵێت بەردەوام دەبێت لە پابەند بوون بەو سنوورەوە.

شیکەرەوەکانی بواری ئاسایش دەڵێن شکستی پەیماننامەکە کە لە ساڵی 2026 دا ماوەکەی بەسەردەچێت، ڕەنگە ببێتە هۆی دروستبوونی کێبڕکێیەکی نوێی خۆپڕچەککردن لە کاتێکدا کە پوتن بە شێوەیەکی بەرچاو جەنگەکەی لە ئۆکرانیا وەکو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆی ڕووسیا لەگەڵ ڕۆژئاوادا سەیر دەکات.

کاتێک پرسیاری لێکرا کە ئایا ڕووسیا لە چی هەلومەرجێکدا دەگەڕێتەوە سەر پەیماننامەکە، وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ وتی " هەموو شتەکان پەیوەستن بە هەڵوێستی ڕۆژئاواوە، کاتێک خواستێک دەبێت بۆ گوێگرتن لە نیگەرانییەکانمان، ئەوا دۆخەکە دەگۆڕێت."

دەزگای هەواڵی ئینتەرفاکس لە زاری پێسکۆڤەوە بڵاویکردەوە " بێگومان لە نزیکەوە چاودێری کارەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی دەکەین، بە تاوتوێکردنی گرتنەبەری ڕێوشوێنی دیکەی پێچەوانەشەوە، ئەگەر پێویست بکات."

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن وتی بڕیارەکەی ڕووسیا بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەکە " جێی داخە و نابەرپرسیارانەیە." سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ وتی بڕیارەکە جیهانی مەترسیدارتر کرد، داواشی لە پوتن کرد جارێکی دیکە بیری لێبکاتەوە.

لە ئێستادا ڕووسیا داوا دەکات چەکە ئەتۆمییەکانی فەڕەنسا و بەڕیتانیاش بخرێنە ناو چوارچێوەی کاری پەیماننامەکەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG