Accessibility links

سەرۆک بایدن دڵنیایی دەدات لەسەر ئاسایشی هاوپەیمانانی ڕۆژهەڵاتی ناتۆ


ڕۆژی چوارشەممە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپای دڵنیا کردەوە لەوەی ئەمەریکا بەرگری لە بست بە بستی خاکی وڵاتانی ناتۆ دەکات.

سەرۆک بایدن بەشداری کۆبوونەوەیەکی ڕابەرانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپای ناتۆ کرد لە وارشۆی پایتەختی پۆڵەندا، دوو ڕۆژ دوای سەردانە کتوپڕەکەی بۆ کیێڤ، هەروەها پێش یەکەمین ساڵیادی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا.

لە نێوەندی گرژییەکانی نێوان ڕووسیا و ڕۆژئاوادا کە لە دوای جەنگی ساردەوە ئێستا لە بەرزترین ئاستدان، سەرۆک بایدن قسەی بۆ هەزاران کەس کرد لە شاری وارشۆ و وتی دەبێت دژایەتی " ئۆتۆکراتەکانی " وەکو سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن بکرێت.

چەند کاتژمێرێک پێش ئەوە، پوتن ڕەخنەی توندی لە زلهێزەکانی ڕۆژئاوا گرت و وتی بەرپرسن لە جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا. سەرۆک بایدن وتی ڕۆژئاوا هەرگیز پلانگێڕی نەکردووە بۆ هێرش کردنە سەر ڕووسیا و داگیرکارییەکەی بژاردەی پوتن بووە.

پوتن لە پەیماننامەی نیو ستارتیش کشایەوە کە لە ساڵی 2010 دا واژۆ کرا و سنوورێک دادەنێت بۆ ژمارەی ئەو کڵاوە ئەتۆمییە ستراتیژییانەی کە ئەمەریکا و ڕووسیا دەتوانن بڵاوییان بکەنەوە، هەروەها هۆشداریدایە ڕۆژئاوا لەسەر ئەوەی مۆسکۆ ڕەنگە تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکانی دەستپێبکاتەوە.
بایدن سەبارەت بە بڕیارەکەی پوتن پێش کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ڕابەرانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناتۆدا وتی " ئەوە هەڵەیەکی گەورەیە."

بایدن وتی " پابەندبوونی ئەمەریکا بە ناتۆوە زۆر ڕوونە. بەندی 5 بەرپرسیارێتییەکی پیرۆزە کە ئەمەریکا پابەندی بووە. بەرگری لە بست بە بستی ناتۆ دەکەین."

بەندی 5 ی هاوپەیمانێتی ناتۆ دەڵێت هێرش بۆ سەر هەر وڵاتێکی ناتۆ وەکو هێرشکردنە سەر سەرجەم وڵاتانی ناتۆ مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و دەبێت سەرجەم وڵاتانی هاوپەیمانێتییەکە وەڵام بدەنەوە.

سەرۆک بایدن لەگەڵ ستافی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە وارشۆ کۆبۆوە، پێش کۆبوونەوەکەی وڵاتانی بوخاریست 9، کە هەریەک لە وڵاتانی ڕۆهەڵاتی هاوپەیمانی ناتۆی وەکو بولگاریا و هەنگاریا و لیتوانیا و لاتیڤیا و کۆماری چیک و ئیستۆنیا و ڕۆمانیا و پۆڵەندا و سلۆڤاکیا دەگرێتە خۆی.

سەرۆک بایدن لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لە پابەندبوونی ئەمەریکا کردەوە بە ئاسایشی ئەو وڵاتانەوە.

وتی " سەبارەت بە بەرەی ڕۆژهەڵاتی ناتۆ، ئێوە هێڵی پێشەوە بەرگرییە بە کۆمەڵەکەمانن. ئێوە لە هەمووان باشتر دەزانن چی شتێک لەم ململانێیەدا لە مەترسیدایە. نەک تەنها بۆ ئۆکرانیا، بەڵکو بۆ ئازادی دیموکراسییەکانی سەرانسەری ئەوروپا و جیهانیش."

کرێملن هاوپەیمانێتی ناتۆ وەکو هەڕەشەیەک لەسەر بوونی ڕووسیا دەبینێت.

دوای کۆبوونەوەکە، وڵاتانی بوخاریست 9 لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ئاماژەیان بەوەدا پابەندن بە زیادکردنی بوونی هاوپەیمانێتی ناتۆوە لە ڕووی سەربازییەوە لەسەر خاکەکانیان بۆ ڕێگریکردن لە مۆسکۆ. لە بەیاننامەکەدا وتیان " ڕووسیا گەورەترین و ڕاستەوخۆترین هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی هاوپەیمانان."

سەبارەت بە ئۆکرانیاش، کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا وتی ئەمەریکا و بوخاریست 9 " جەختیان لە پشتیوانی جێگیری خۆیان کردۆتەوە بۆ ئۆکرانیا و تیشکییان خستۆتە سەر پابەندبوونی هاوبەشییان بەوەوە کە تاوەکو پێویست بکات لە پاڵ گەلی ئۆکرانیادا بمێننەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG