Accessibility links

بەرپرسێکی ڕووسیا: ڕۆژئاوا سوورە لەسەر لە ناوبردنی ڕووسیا


باڵیۆزی ڕووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڤاسێلی نیبینزیا
باڵیۆزی ڕووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڤاسێلی نیبینزیا

هەفتەیەک پێش ساڵیادی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، باڵیۆزی ڕووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بانگەشەی ئەوەی کرد ڕۆژئاوا سوورە لەسەر لە ناوبردنی ڕووسیا و ڕایگەیاند " هیچ بژاردەیەکمان نیە جگە لە بەرگریکردن لە وڵاتەکەمان، بەرگریکردن لێی لە ئێوە، بەرگریکردن لە ناسنامە و داهاتوومان."

دیبلۆماتکارانی ڕۆژئاوا وەڵامییان دایەوە و تۆمەتبارییان کرد بە تۆمەتی بەکارهێنانی کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بیانوو هێناوە بۆ داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا. باڵیۆزی فەڕەنسا لە نەتەوە یەکگرتووەکان نیکۆلاس دی ڕیڤیێر وتی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا " هیچ بیانوویەکی نیە."

ئەنجومەنەکە تەنها سەکۆیە ڕووسیا بەردەوام تیایدا ڕووبەرووی ئۆکرانیا و وڵاتانی ڕۆژئاوا دەبێتەوە، کۆبوونەوەکە تیشکی خستە سەر ئەو کەلێنە گەورەیەی هەیە لە نێوان لایەنە دژ بە یەکەکاندا، لە کاتێکدا جەنگەکە لە دوو ساڵ نزیک دەبێتەوە و کۆتایی هاتنیشی دیار نیە، دەیان هەزاران کەس لە هەردوولا کوژراون و پێشبینی هێرشی سەربازیی زیاتریش دەکرێت.

باڵیۆزی ڕووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڤاسێلی نیبینزیا وڵاتانی ڕۆژئاوای بە فەڕەنسا و ئەڵمانیاشەوە تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی جێبەجێ نەکردنی ڕێککەوتنەکانی مینسک کە لەلایەن فەڕەنسا و ئەڵمانیاوە سەرپەرشتی کرا بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕەکەی نێوان ئۆکرانیا و جیاخوازەکانی هەرێمەکانی لوهانسک و دۆنێتسکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، کە لە مانگی چواری ساڵی 2014 دا سەریهەڵدا دوای ئەوەی مۆسکۆ نیمچە دوورگەی کرایمیای بە ڕووسیاوە لکاند.

نیبینزیا گوتی " ئێوە باش دەزانن کە پڕۆسەی مینسک بۆ ئێوە تەنها شاشەیەکی دوکەڵە، بۆ ئەوەی دووبارە ڕژێمی کیێڤ پڕچەک بکەن و ئامادەی بکەن بۆ جەنگێک دژی ڕووسیا بۆ بەرژەوەندییە جیۆسیاسییەکانی خۆتان."

جێگری باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕیچارد میڵس ڕووسیای تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی شکستهێنان لە پابەندبوون بە " بەرپرسیارێتییەکانییەوە " لە ڕێککەوتنەکانی مینسکدا، لە کاتێکدا کە واژۆکەرانی دیکەی وەکو فەڕەنسا و ئەڵمانیا و ئۆکرانیا و ڕێکخراوی ئاسایش و هاریکاری ئەوروپا " دەیانویست بە نیازێکی پاکەوە جێبەجێی بکەن."

دی ڕیڤیێری فەڕەنسا گوتی وڵاتەکەی و ئەڵمانیا لە ساڵی 2015 ەوە " ماندونەناسانە " کاردەکەن بۆ ئەوەی گفتوگۆیەک لە نێوان لایەنەکاندا دروست بکەن. وتی " ئەو قورساییانەی ڕووبەڕووی جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنانە بوونەوە هیچ کات نابنە بیانوو بۆ بژاردەکەی ڕووسیا بۆ کۆتایی هێنان بە گفتوگۆکردن بە بەکارهێنانی هێز."

دی ڕیڤیێر باسی لەوە کرد بە دیاریکراوی ساڵێک لەمەوبەر لە 17 ی مانگی دووی ساڵی 2022 دا جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی ڤیرشینین لە ئەنجومەنەکەدا جەختی لەوە کردەوە کە ڕێککەوتنەکانی مینسک " تەنها بنەمای نێودەوڵەتی یاسایین " بۆ چارەسەرکردنی ململانێکەی نێوان ئۆکرانیا و جیاخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، هەروەها ئەو قسانەشی دەکرێن سەبارەت بە دەستوەردانی سەربازی ڕووسیا لە ئۆکرانیا بێ بنەمان و ڕۆژئاوا لە ترسدا بڵاوییان دەکاتەوە. چوار ڕۆژ دوای ئەو لێدوانە، ڕووسیا لوهانسک و دۆنێتسکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیای وەکو دوو کۆماری سەربەخۆ ناساند و لە 24 ی مانگی دوودا داگیرکارییەکەی لە ئۆکرانیا دەستپێکرد.

دی ڕیڤیێر گوتی " تەنها وانە کە لێرەدا لێوەی فێربیت ئەوەیە کە ڕووسیا بە هێرشکردنی بۆ سەر ئۆکرانیا، بە تەنها کۆتایی هێنانی بە دانوستان و گفتوگۆکان هەڵبژارد. بە تەنها بڕیاریدا ڕێککەوتنەکانی مینسک لە ناوببات." وتیشی " مەبەست لە ڕێککەوتنەکانی مینسک ئەوە بوو هەندێک لە ناوچەکانی دۆنێتسک و لوهانسک بە تەواوەتی بخرێنەوە ژێر دەسەڵاتی ئۆکرانیا، لە بەرامبەریشدا لامەرکەزییەکی زیاتر بدرێت."

باڵیۆزی بەڕیتانیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان باربەرا وودواردیش باسی لە لێدوانەکانی ڤیرشینین کرد کە تیایدا وتبوونی ئەو هەواڵانەی کە گوایە ڕووسیا هێرش دەکاتە سەر ئۆکرانیا بێ بنەمان، بەڵام هەفتەیەک دوای ئەو لێدوانە پوتن فەرمانی کرد ئۆکرانیا داگیر بکرێت، وتیشی بەڕیتانیا ئێستا چەند وانەیەک فێر بووە.

گوتی " ڕووسیا درۆی کرد کاتێک هۆشداریماندا لەسەر نیازەکانی بۆ هێرش کردنە سەر ئۆکرانیا. ڕووسیا پلانی هێرشکردنی دادەنا لە کاتێکدا ئێمە داوای دیبلۆماسی و کەمکردنەوەی گرژییەکانمان دەکرد، ڕووسیا بەردەوامە لە هەڵبژاردنی مەرگ و وێرانکاری، لە کاتێکدا جیهان داوای ئاشتییەکی دادپەروەرانە دەکات."

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG