Accessibility links

ڕابەرانی ئیتاڵیا و ژاپۆن ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی ' هاوبەشییەکی ستراتیژی '


سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا جیۆرجیا میڵۆنی و سەرۆک وەزیری ژاپۆن فومیۆ کیشیدا
سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا جیۆرجیا میڵۆنی و سەرۆک وەزیری ژاپۆن فومیۆ کیشیدا

سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا جیۆرجیا میڵۆنی و سەرۆک وەزیری ژاپۆن فومیۆ کیشیدا وتیان لە کۆبوونەوەیەکدا ڕێککەوتوون لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییەکانیان لە کۆمەڵێک ڕووەوە، لەوانەش ئابووری و بازرگانی و بەرگری.

میڵۆنی لە بەیاننامەیەکی کورتدا دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ کیشیدا لە ڕۆما بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ڕێککەوتووین لەسەر بەرزکردنەوەی پەیوەندییەکانمان بۆ ئاستی هاوبەشی ستراتیژی."

میڵۆنی وتی هاوبەشیەکە میکانیزمێکی ڕاوێژی دوو لایەنە لەسەر سیاسەتی دەرەوە و بەرگری بەدوای خۆیدا دەهێنێت، کە ئەوەش سەرجەم " بەرژەوەندییە هاوبەشەکان لە بوارەکانی تەوەرە جیهانیی و ناوچەییەکاندا " دەگرێتەوە.

کیشیدا وتی لە نێو ئەو بوارانەدا کە هاریکارییەکانیان تیادا پتەوتر دەکرێت، بریتی دەبن لە دیبلۆماسی و وەبەرهێنان و هێڵە ئاسنینەکان و سینەما.

کیشیدا ڕۆژی دووشەممە گەشتێکی دەستپێکرد کە تیایدا سەردانی هاوپەیمانە سەرەکییەکانی ژاپۆن دەکات لە ڕۆژئاوا. ئەوەش دوای ئەوەی ستراتیژییەکی نوێی بەرگری و ئاسایشی بۆ ژاپۆن ڕاگەیاند.

لە مانگی پێنجیشدا کیشیدا سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکەی کۆمەڵەی حەوت دەکات، وتی لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە پابەندبوونی کۆمەڵەی حەوت دەکاتەوە لە پشتیوانیکردن لە ئۆکرانیا لە هەوڵەکانیدا بۆ بەرپەرچدانەوەی داگیرکارییەکەی ڕووسیا و سەنگ خستنەسەر ئاسایشی ناوچەی ئیندۆ پاسێفیک.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG