ژنێکی کوردی خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێراق، کە یەکێک بوو لەو 27 کۆچبەرەی لە نێوان فەرەنسا و بەریتانیا لەم هەفتەیەدا بەهۆی نوقومبوونی بەلەمەکەیانەوە گیانیان لەدەستدا، بوو بە یەکەم قوربانی کە لەلایەن میدیاکانی بەریتانیاوە ناوی ئاشکرا بکرێت.
بەلەمەکەیان ڕۆژی چوارشەممە لەکاتی پەڕینەوە لە کەناڵی ئینگلیزی نوقم بوو.
دەزگای ڕاگەیاندنی BBC لە زاری ئەندامانی خێزانەکەی و دۆستەکانییەوە ڕایگەیاند مەریەم نوری محەمەد عزیزی تەمەن 24 ساڵان ئەو ڕێگایەی بۆ بینینی دەزگیرانەکەی گرتبووەبەر.
ئیمان حەسەن یەکێک لە دۆستەکانی ئەو ژنە بە کەناڵەکەی ڕاگەیاندووە " کاتێک لە کوردستان دەرچوو زۆر دڵی خۆش بوو، بڕوای بەوە نەدەکرد کە دەچێت دەیبینێت." ئەو گوتیشی دەزگیرانەکەی لە بەریتانیا دەژێت.
ئیمان حەسەن گوتیشی " ئەو هەوڵی دا ژیانێکی باشتری هەبێت، بەریتانیای هەڵبژارد بەڵام گیانی لەدەستدا."
ئاژانسی ڕۆیتەرز کە هەواڵەکەی بڵاو کردووەتەوە ڕایگەیاندووە هەتا ئامادەکردنی ڕاپۆرتەکەی نەیتوانیوە زانیارییەکان پشتڕاست بکاتەوە.
گیانلەدەستدانی ئەو کۆچبەرانە گرژییەکانی نێوان بەریتانیا و فەرەنسای ئاڵوزتر کرد، لە کاتێکدا چەند ساڵێکە گرژی لەسەر چونەدەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا و کۆچبەران دروست بووە. سەرۆک وەزیری بەریتانیا بۆریس جۆنسن ڕایگەیاند "ئەمە بەهۆی هەڵەکانی فەرەنساوە بووە لە کاتێکدا وەزیری ناوخۆی فەرەنسا، بەریتانیا تۆمەتبار دەکات بە " بەڕێوەبردنی خراپی کۆچبەری".