دوو فڕۆکە سەدان هاوڵاتی عێراقیان گەڕاندەوە کە دەیانویست بگەنە ئەوروپا، ئەمەش لەکاتێکدا زۆرێک لە کۆچبەران بێهیوا بوون لەوەی بە پارێزراوی بگەنە ئەوروپا.
بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی فڕۆکەخانەی هەولێر وتیان بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی دوو فڕۆکە لە فڕۆکەخانەی هەولێر نیشتنەوە، نزیکەی 600 هاوڵاتی عێراقییان پێبوو کە زۆرینەیان کورد بوون.
منداڵێکی تەمەن 11 ساڵ بە ناوی مەلەک حەسەن کە خێزانەکەی هەوڵی ئەوەیاندابوو لە بێلاڕوسەوە بگەنە ئەوروپا وتی " نامەوێت بگەڕێمەوە بەو ڕێگایەدا، خراپ بوو، باران و بەفرێکی زۆر دەباری."
کوردێکی دیکە بە ناوی ئاوات وتی لەکاتێکدا خێمەکەی لە سنووری نێوان بێلاڕوس و لیتوانیادا هەڵداوە، کۆچبەری بینیوە لێیدراوە، وتی " تەنانەت بەس بۆ گەڕانەوە بۆ مینسک دەبوو پارەیەکی زۆر بدەین."
جێی ئاماژەیە یەکێتی ئەوروپا بێلاڕوسی تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی دروستکردنی قەیرانی کۆچبەران لەسەر سنووری ئەو وڵاتە و یەکێتی ئەوروپا، ئەوەش لەڕێی بڵاوکردنەوەی ڤیزای بێلاڕوس بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و هێنانی کۆچبەران بۆ بێلاڕوس و دواتر ڕەوانەکردنیان بۆ سنوورەکان و ناچارکردنیان تاوەکو بەشێوەیەکی نایاسایی سنوورەکە ببەزێنن. لەلای خۆیەوە بێلاڕوس ڕەتی دەکاتەوە قەیرانەکەی دروست کردبێت.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز