جێگری وەزیری ناوخۆی پۆڵەندا وتی کۆمەڵێک کۆچبەر لە ناوەندێکی کۆچبەران لە ڕۆژئاوای پۆڵەندا ناڕەزاییان دەربڕیوە و داوای بارودۆخێکی باشتر یاخود گواستنەوەیان بۆ ئەڵمانیا یاخود عێراق کردووە.
هەزاران کۆچبەر لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی یەکێتی ئەوروپا گیرییانخواردووە، یەکێتیەکە دەڵێت بێلاڕوس ئەم قەیرانەی دروستکردووە.
پۆڵەندا تاوەکو ئێستا ڕێگەی نەداوە کۆچبەرەکانی سەر سنووری نێوان وڵاتەکە و بێلاڕوس بێنە پۆڵەنداوە، ئەوانەشی پەڕیونەتەوە بۆ ناو پۆڵەندا لە ناوندێکی دەستبەسەرکردن داندراون و چاوەڕێی بڕیارێک دەکەن لەسەر ئەوەی ئایا ڕێگەیان پێدەدرێت لە پۆڵەندا بمێننەوە یاخود نا.
جێگری وەزیری ناوخۆی پۆڵەندا وتی " ئەوەی دوێنێ ڕوویدا پێم وایە دەبێت ناوبنرێت یاخیبوون. گروپێکی زیاتر لە 100 کۆچبەر دەستیانکرد بە تێکدانی ئەو بینایەی تیایدا دەژین، پەنجەرەکانیان شکاند و کەلوپەل و جێگای نوستنەکانیان تێکدا، داوای ئەوەی ئازادی یاخود بارودۆخێکی باشتریان دەکرد، داوایان دەکرد یان ئەوەتا بگوازرێنەوە بۆ ئەڵمانیا یاخود بگەڕێندرێنەوە بۆ عێراق."
وتیشی نزیکەی 600 کەس لە ناوەندەکەدا بوون و زۆرێکی دیکە چوونە پاڵیان، بەڵآم بارودۆخەکە بەخێرایی لەلایەن پۆلیس و پاسەوانانی سنوورەوە کۆنتڕۆڵکرایەوە."
وتەبێژی خزمەتگوزاری تایبەتی پۆڵەندا ستەینسلۆ زارین وتی زۆربەی پیاوەکان خەڵکی عێراق بوون و دەیانویست بەرەو ڕۆژئاوای ئەوروپا بڕۆن، بەتایبەتی بۆ ئەڵمانیا.
هێزەکانی پاسەوانی سنووری پۆڵەندا وتی ڕۆژی پێنجشەممە 217 کەس هەوڵیانداوە لە بێلاڕوسەوە بەشێوەیەکی نایاسایی سنووری پۆڵەندا ببەزێنن.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز