Accessibility links

فەرەنسا و بەریتانیا یەکتری تۆمەتبار دەکەن لەسەر گیانلەدەستدانی کۆچبەران


فەرەنسا لە ڕۆژی پێنجشەممە سەرچاوەکانی ڕێک دەخات و ئۆپراسیۆنی ڕزگارکردنی دەریایی زیاتر دەکات، لە کاتێکدا پاریس و لەندەن سەرکۆنەی یەکتری دەکەن لەسەر گیانلەدەستدانی کۆمەڵیک کۆچبەر لە ئاوی نێوان هەردوو وڵاتدا. کە بە یەکێک لە خراپترین ڕووداوەکان لەو ڕێگەیە هەژمار دەکرێت، لە کاتێکدا کۆچبەرەکان لە عێراق و ئەفغانستان و وڵاتانی تر بەرەو وڵاتانی ئەوروپا کۆچ دەکەن.

گیانلەدەستدانی ئەو کۆچبەرانە گرژییەکانی نێوان بەریتانیا و فەرەنسای ئاڵوزتر کرد، لە کاتێکدا چەند ساڵێکە گرژی لەسەر چونەدەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا و کۆچبەران دروست بووە، زۆربەی سەرنجەکانیش لەسەر ئەوە بوون کە کێ دەبێت بەرپرسیاریەتی بگرێتە ئەستۆ، تەنانەت ئەگەر هەردوولا بەڵێن بدەن پێکەوە کار بکەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرە هاوبەشەکان.

سەرۆک وەزیری بەریتانیا بۆریس جۆنسن ڕایگەیاند "ئەمە بەهۆی هەڵەکانی فەرەنساوە بووە لە کاتێکدا وەزیری ناوخۆی فەرەنسا، بەریتانیا تۆمەتبار دەکات بە " بەڕێوەبردنی خراپی کۆچبەری".

سەرۆک فەرەنسا ئیمانوێل ماکرۆن بەرگری لە کردارەکانی پاریس دەکات بەڵام دەشڵێت " فەرەنسا تەنها وڵات بووە بۆ پەڕینەوەی کۆچبەران بەرەو وڵاتانی تر، "گوتیشی هاوکاری زیاتری ئەوروپا پێویستە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کۆچبەری نا ئاسایی".

پریتی پاتێل وەزیری ناوخۆی بەریتانیا چەند کاتژمێرێک دوای ئەوەی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بۆریس جۆنسن سەرکۆنەی فەرەنسای کرد گوتی: "ئێمە کۆسپی زۆرمان هاتۆتە بەردەم بۆ قایلکردنی هەندێک لە هاوبەشەکانمان، بەتایبەتی فەڕەنسییەکان، بۆ ئەنجامدانی ئەو کارانەی کە پێمانوایە دۆخەکە پێویستیەتی".

ڕێکخراوە سیڤیلییەکان هۆکاری دروستبوونی ئەو دۆخە بۆ نەبوونی ڕێگەی یاسایی کۆچبەران و زیادکردنی ئاسایش لە هێڵی شەمەندەفەری ژێرزەمینی "یۆرۆ تونێل" دەگێڕنەوە، کە وەهای لە کۆچبەران کردووە هەوڵی تێپەڕاندنی ڕێگای دەریایی مەترسیدار بدەن.

ئەم کەنالە یەکێکە لە قەرەباڵغترین ڕێگاکانی بەلەم لە جیهاندا، کە تەوژمێکی بەهێز و ئاوی ساردەی هەیە، زۆربەی ئەو کەشتیانەشی لەو ئاوەدا هاتوچۆ دەکەن کەشتی بارهەڵگرن.

سەرچاوە: ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG