Accessibility links

سەربازێکی دیکەی سوپای پاسدارانی ئێران لە هێرشەکەی ئیسڕائیلدا بۆ سەر سوریا کوژراوە


دەزگای ڕاگەیاندنی ئێران بڵاویکردەوە سەربازێکی دیکەی سوپای پاسدارانی ئێران کە وەکو ڕاوێژکارێکی سەربازی لە سوریا کاری کردووە دوای هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسڕائیل لە نزیک دیمەشق مردووە.

سوپای پاسدارانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا وتی " میقداد میغەنی جافەرەبەدی، ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێران، لە هێرشە تاوانکارییەکەی ڕژێمی زایۆنیدا بەهۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لە دەستداوە."

وتیشی " تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنی بەبێ وەڵام تێپەڕ نابن و باجەکەی دەدەن."

چەندین ساڵە ئیسڕائیل هێرشی ئاسمانی دەکاتە سەر ئەوەی وەکو خۆی دەڵێت ' ئامانجە ئێرانییەکان لە سوریا.' تاران لە ماوەی شەڕی ناوخۆی سوریادا کاریگەرییەکانی لە سوریا زیادیکردووە، ئەوەش بەهۆی پشتیوانیکردنی حکومەتەکەی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریاوە.

ئێران دەڵێت ئەفسەرەکانی وەکو ڕاوێژکار لە سوریا کاردەکەن و لەسەر داوای دیمەشق لەوێن. دەیان لە ئەندامانی سوپای پاسدارانی ئێران، بە ئەفسەرە باڵاکانیشیەوە، لە ماوەی جەنگەکەی ناو سوریادا کوژراون.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ناسڕ کەنعانی وتی " کۆماری ئیسلامی ئێران مافی خۆیەتی وەڵامی دەوڵەتی تیرۆریستی ئیسڕائیل بداتەوە لە شوێن و کاتێکی گونجاودا."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG